سودانى: گەیشتنینە رێککەوتنێکى مێژوویی لەبارەی نەوتى هەرێم

2025-09-25  231 جار خوێنراوەتەوە

محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، گەیشتوونەتە "رێککەوتنێکى مێژوویی" و نەوتى هەرێمى کوردستان رادەستى وەزارەتى نەوتى فیدراڵ دەکرێت بۆ هەناردەکردنەوەى لە رێگەى تورکیاوە و دەڵێت:" 18 ساڵ بوو چاوەڕێى ئەو دەستکەوتە بووین."  
 
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە نووسینێکدا لە تۆڕى ئێکس دەڵێت: "گەیشتینە رێککەوتنێکى مێژوویی کە بەگوێرەى رێککەوتنەکە وەزارەتى نەوتى فیدڕاڵ، نەوتى بەرهەمهێنراوى هەرێمى کوردستان وەردەگرێت و لە رێگەى بۆریى عێراق – تورکیاوە  هەناردە دەکرێت".
 
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، ئەو هەنگاوە گەرەنتى دابەشکردنێکى دادوەرانەى سامان و فرەچەشنکردنى رێگەکانى هەناردەکردن دەکات و هانى وەبەرهێنان دەدات.
 
هەناردەکردنەوەى نەوت یەکێکە لە مەرجەکانى ناردنى مووچەى مانگانەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.   
 
سوودانى وتى :"18 ساڵ بوو چاوەڕێى ئەو دەستکەوتە بووین."
 
وەزارەتى نەوتى عێراق بەگوێرەى رێککەوتنیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان، کۆمپانیاى سۆمۆ ئەرکى هەناردەکردنى نەوتەکەى لە رێگەى تورکیاوە دەگرێتە ئەستۆ.

22ى ئەیلوول، بەغدا و هەولێر و کۆمپانیاکانى نەوت رێککەوتنێکى سێ قۆڵییان واژۆ کرد بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان کە بەگوێرەى رێککەوتنى نێوانیان 230 هەزار بەرمیل نەوت دەبێت . 
 
25ی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە گەیشتوونەتە رێککەوتنێک بۆ رادەستکردن و هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان  لەرێگەى کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، جگە لەو بەشەی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆییە.

بەگوێرەى رێککەوتنى هەنارکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان، بڕى 16 دۆلار بۆ تێچووى دەرهێنان و گواستنەوەى نەوت دیاریکراوە کە بردێتە کۆمپانیاکانى نەوت، بەڵام لەبرى پارە نەوتیان بە نرخى رۆژ پێ دەردێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە