دانپێدانانی "بكوژی ئه‌كبه‌ری حاجی ڕۆسته‌م" بڵاوده‌كرێته‌وه‌

2025-09-26  302 جار خوێنراوەتەوە

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی، وردەکاریی دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکی کوشتنی ئەکبەر حاجی رۆستەمی بڵاوکردەوە، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا دەستگیر کرا.
 
دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، دوای کوژرانی ئەکبەر حاجی رۆستەم لە 22ی ئەیلوولی 2025 لە گوندی ئۆمەربلی کفری، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد دەستی پێکرد. لێکۆڵینەوەکان دەرخەری ئەوە بوون کە "بکوژ چووەتە باخی قوربانییەکە و لەوێ چاوەڕوانی کردووە. دوای گەیشتنی ئەکبەر حاجی رۆستەم، تۆمەتبارەکە بە فیشەکێکی دەمانچە کوشتوویەتی و دواتر ئۆتۆمبێل و مۆبایلەکەی دزیوە و بەرەو بەغدا هەڵاتووە و لە ناوچەی دۆرە خۆی حەشاردابوو".
 
تۆمەتبارەکە، کە ناوی عەبدولعەزیز جاسم مەحموودە و تەمەنی 22 ساڵە و بە رەگەز عەرەبە، لە رێککەوتی 23ی ئەیلوول دەستگیر کرا. دەزگای ئاسایش پشتڕاستی کردەوە کە تۆمەتبارەکە دوای رادەستکردنەوەی بە هەرێمی کوردستان، دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
 
لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر بە ماددەی 406ی یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان، دوو کەسی دیکەش، کە پێشتر لەگەڵ ئەکبەر حاجی رۆستەم کاریان کردووە و کێشەیان هەبووە، دەستگیرکراون. هەروەها ئەم رووداوە زنجیرەیەک رووداوی دیکەی لێکەوتووەتەوە، لەوانە کوژرانی دوو هاووڵاتی عەرەب لە کفری و دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ برایەکی ئەکبەر حاجی رۆستەم بەو هۆیەوە.
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە