لە عێراق خۆڵ دەبارێت و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە
2025-09-01
189 جار خوێنراوەتەوە
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی عێراق و هەرێمی کوردستان، کاریگەریی شەپۆلی گەرما بەردەوام دەبێت. وتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق دەڵێت، ئەگەری خۆڵبارین هەیە.
عامر جابری، وتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ پلەی گەرما بەراورد بە رۆژانی رابردوو دوو پلە نزمتر دەبێت، بەڵام خێرایی با لە نێوەڕاست و باشووری عێراق دەگاتە 20 تاوەکو 30 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا و ئەوەش دەکرێت خۆڵبارین لەگەڵ خۆی بهێنێت.
وتەبێژی کەشناسیی عێراق وتیشی، "پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا خۆڵ ببارێت و کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی ئاستی بینین هەبێت، بەتایبەتی لە ناوچەکانی نێوەڕاست و باشوور. هەروەها پلەی گەرما گۆڕانی کەمی بەسەردا دێت."
محەممەد کەلاری، شارەزای کەشناسی، بە ٧ڕۆژی وت، "پلەی گەرما لەم چەند رۆژەی رابردوودا دابەزیوە، تاوەکو ئەم هەفتەیەش بەردەوام دادەبەزێت و لە نێوان 40-41 پلەی سیلیزی دەبێت."
بە وتەی ئەو کەشناسە، لە هەر شوێنێک هەست بە گەرمای زیاتر کرا، ئەوا بەهۆی بەرزیی پلەی گەرما نییە، بەڵکو بەرزیی رێژەی شێیە لەو ناوچانە، بەتایبەت لە ناوچە سەوزاییەکان."
وتیشی، "ئەو شەپۆلی خۆڵبارینە بە رێژەیەکی کەم دەگاتە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ئاسمان نیمچە لێڵ دەبێت."
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، پلەی گەرمای سبەى سێشەممە بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر: 42 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 43 پلەی سیلیزی
دهۆک: 42 پلەی سیلیزی
کەرکوک: 44 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 42 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 43 پلەی سیلیزی
سۆران: 42 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 32 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 46 پلەی سیلیزی
|