لیستی مووچەی مانگی 6 بڵاوکرایەوە؛ لە سێ رۆژدا دابەش دەکرێت
2025-09-01
99 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی شەشی بڵاوکردەوە و لە سێ رۆژدا دابەش دەکرێت.
بەگوێرەی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی بڵاویکردووەتەوە؛ رۆژی سێشەممە، 2ی ئەیلوول، مووچەی خانەنشینانی شارستانی، خاوەن پێداویستی تایبەت، زیندانیانی سیاسی، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون، وەزارەتی پەروەردە، خانەنشینی پێشمەرگە، وەزارەتی دارایی و ئابووری، دەستەی دەستپاکی و وەبەرهێنان، دەستەکانی ژینگە و مین، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی مافی مرۆڤ دابەشدەکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 3ی ئەیلوول، مووچەی هەریەکە لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ کردن، وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی داد، ئەنجوومەنی دادوەری، وەزارەتی پلاندانان، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دابەشدەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 4ی ئەیلوول مووچەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، وەزارەتی کارەبا، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پێشمەرگە، یەکەی 70 و 80ی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەکان، ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش، هێزی زێرەڤانی و بەرگریی فریاکەوتن دابەشدەکرێت.
پێشتر، رۆژی دووشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "یەک تریلیۆن و حەوت ملیار و 352 ملیۆن دینار وەک تەموویلی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق".
26ـی ئابی 2025، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیاردرا مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێ و تەنیا مەرجی عێراق رادەستکردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان بوو.
رۆژی 28ـی ئابی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق."
|