لە بەغدا کۆبونەوەیەکی یەکلاکەرەوەی هەولێر و بەغدا بەڕێوەدەچێت
2025-09-01
81 جار خوێنراوەتەوە
لە بەغدا کۆبونەوەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کێشەی داهاتیی نانەوتی بەڕێوەدەچێت
بە پێی زانیارییەکانی ٧ڕۆژ بڕیارە ڕۆژی سێشەممە، ۲ی ئەیلول، لەشاری بەغدا کۆبونەوەیەک لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت بەڕێوەبچێت.
لەکۆبونەوەکەدا بڕیاری یەکلا کەرەوە لەسەر هەناردەی نەوت و گرفتی کۆمپانیاکان دەدرێت و هەردوو پرسی چۆنیەتی پارە پێدان بەکۆمپانیاکان و قەرزی ڕابردووی کۆمپانیاکان یەکلایی دەکرێتەوەو بەغدا وەڵامی کۆتایی هەردوو پرسەکە دەداتە کۆمپانیاکان، ئەگەر وەڵامەکانی بەغدا قایلکەر بن بۆ کۆمپانیاکان ئەوا بڕیار لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەدرێت.
بەپێی زانیاریەکانی ٧ڕۆژ، بەغدا دەیەوێت هەڵوێستی کۆتایی خۆی بداتە کۆمپانیاکانی نەوت و بابەتی قەرز و شێوازی پێدانی شایستەی مانگانە بە کۆمپانیاکان یەکلایی بکاتەوە تا بگاتە چارەسەری کۆتایی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.
کۆمپانیاکانی نەوت دوو گرفتی سەرەکیان لەگەڵ بەغدا هەیە کە وەرگرتنەوەی قەرزەکانی پێشوویانە کە نزیکەی یەک ملیار دۆلارە. لەگەڵ شێوازی پێدانی ئەو ۱٦ دۆلارەی کە وەک تێچووی دەرهێنان بۆ هەر بەرمیلێک نەوت دەستنیشان کراوە.
هەروەها بڕیارە کۆبوونەوەیەکی دیکەی شاندى هەرێمى کوردستان و عێراق بۆ ئەوە بێت پرسى داهاتى نانەوتی تیادا یەکلایبکرێتەوە، تا گرفتەکانى بەردەم خەرجکردنى مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان کۆتایی پێبهێندرێت.
|