ئۆجەلان گواسترایەوە خانووە نوێیەکەی و پەیامێکی بڵاوکردەوە

12   خولەک پێش ئێستا  12 جار خوێنراوەتەوە

شاندی ئیمراڵی پەیامێکی نوێی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە قۆناغێکی هەستیار و مێژوویی دەکرێت لە تورکیا و ناوچەکەدا، هاوکات شاندەکە گواستنەوەی ئۆجەلانی بۆ باڵەخانەیەکی نوێ لەناو گرتووخانەی ئیمراڵی پشتڕاست کردەوە.

ناوەڕۆکی پەیامەکەی ئۆجەلان:

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی شاندی ئیمراڵی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی سیاسی و ڕەوتی پرۆسەی ئاشتی کردووە و تێیدا چەند خاڵێکی سەرەکی خستووەتە ڕوو:

ئۆجەلان ڕایگەیاندووە کە لە بەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدان لە مێژووی کۆماری تورکیادا و ئەو پرۆسەیەی دەستیان پێکردووە، گۆڕانکاری و وەرچەرخانی گرنگ بەسەر تورکیا و تەواوی ناوچەکەدا دەهێنێت.

هۆشداری داوە لەوەی کە بەهۆی گرنگی و قورسایی پرۆسەکەوە، هەوڵەکان بۆ تێکدان و پەکخستنی پرۆسەکە بەردەوام لە ئارادا دەبن.

ئۆجەلان جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە سیاسەت لە ئاستی تەنها "هاندان و کاردانەوە"دا قەتیس نەکرێت و بە شێوەیەکی ستراتیژی و بنەڕەتی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

گواستنەوە بۆ خانووی نوێ و داواکاریی شاندی ئیمراڵی

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، شاندی ئیمراڵی وردەکارییەکانی دۆخی مانەوە و ڕۆڵی نوێی ئۆجەلانی خستووەتە ڕوو:

شاندەکە ئاشکرای کردووە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەو خانووە تازەیەی کە بە تایبەت لەناو گرتووخانەی دوورگەی ئیمراڵیدا بۆی ئامادە کراوە، نیشتەجێ بووە.

ئاماژە بەوەش کراوە کە ئۆجەلان لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا، وەک هەماهەنگیکاری لیژنەی ئاشتی و بەسیاسیکردن کار دەکات.

شاندی ئیمراڵی داوای کردووە کە هەنگاوی کردەیی بنرێت و ڕێگە لەبەردەم ئۆجەلاندا بکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت دەستی بە میدیا و ڕاگەیاندنەکان بگات، تا بتوانێت پەیام و دیدگاکانی باشتر بگەیەنێتە ڕای گشتی.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە