"پێنجشەممە میوانداریی وەزیرانی نەوت و سامانە سرووشتییەکان دەکرێن"

15   خولەک پێش ئێستا  84 جار خوێنراوەتەوە

بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی عێراق میوانداری هەریەک لە وەزیری نەوتی فیدراڵی و وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بکات، ئەوەش بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ راپۆرت و دەنگۆی تایبەت بە "قاچاخبردنی نەوت".

تەها دەفاعی، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی و ئەندامی لیژنەی کاتیی پەرلەمان بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت، بە رووداوی راگەیاندووە "لیژنەکەمان رۆژی پێنجشەممە میوانداریی وەزیرانی نەوتی فیدراڵی و وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات".

هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە فەرمانی پەرلەمانیی ژمارە (198) لە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، بڕیاری دا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانیی کاتی لە سەرۆکانی حەوت لیژنەی هەمیشەیی پەرلەمان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری.

دەفاعی ئاماژەی بەوەش دا کە ئامانج لەو میوانداریکردنە، ئاگاداربوون و بەدواداچوونە لەسەر پرۆسەکانی "بەقاچاخبردنی نەوت لە سنوورەکانی کەرکووک و ناوچەکان لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک".

وتیشی ئەم هەنگاوە لە پێناو تەواوکردنی راسپاردەکانی راپۆرتی کۆتایی لیژنەکەیاندایە تایبەت بەو دۆسیەیە.

ئەرکی لیژنەکەی پەرلەمانی عێراق وەک لە فەرمانی پێکهێنانی ئاماژەی بۆ کراوە، بریتییە لە بەدواداچوون بۆ راپۆرتی تەکنیکی و هەواڵگریی تایبەت بە بەقاچاخبردنی نەوت لە سنووری ناوچەی جورف سەخر "جورف نەسر"، هەروەها زانیارییە هەواڵگرییەکان لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوت بۆ دەرەوە، بەتایبەتی ئەفغانستان، هاوکات لێکۆڵینەوە لەو هێرش و بەئامانجگرتنانەی کراونەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە