فالح فەیاز دوای کۆبوونەوەکانی هەولێر لەگەڵ عەلی زەیدی کۆبوویەوە
9 خولەک پێش ئێستا
15 جار خوێنراوەتەوە
دوای کۆبوونەوەکانی لە هەولێر، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی سەردانی عەلی زەیدی کرد و لەبارەی جێبەجێکردنی پلانی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی کۆبوونەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هیزە جەکدارەکانی عێراق پێشوازی لە فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بکرد.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی عەلی زەیدی، لە کۆبوونەوەکەدا، “باس لە پەرەسەندنی بارودۆخەکانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق لە بوارە جیاوازەکاندا کرا، هەروەها جەخت لە گرنگی بەهێزکردنی سەقامگیری لە ناو وڵاتدا کرایەوە، بە مەبەستی پشتگیریکردن و بەردەوامیی بەرنامە گەشەپێدانی، ئابووری و وەبەرهێنانی حکومەت و پلانی گەشەپێدان و پەرەپێدانی هێزە چەکدارەکان بە هەموو جۆر و پێکهاتەکانیان درا، لەوانەش پێکهاتەکانی حەشدی شەعبی”.
عەلی زەیدی جەختی کردەوە “حکومەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پلانی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و جێبەجێکردنی یاسا و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕێگریکردن لە دەستدرێژی بۆ سەر سامان و سەرچاوە نیشتمانییەکان، لە هەر شوێنێک لە خاکی عێراق”.
ئەم دیدارە دوای ئەوە هات کە دوێنێ فالح فەیز سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتدا کۆبووەوە.
لە دیدارەکەی مەسعود بارزانی و فالح فەیازدا، “ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێم و هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە كێشە و گرفتەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ لە چوارچێوەی دەستوور قابیلی چارەسەرن و پێویستە دەستوور پێوەر و بنەمای سەرەكی بێت بۆ تێپەڕاندن و نەهێشتنی ناكۆكییەكانی نێوان هەردوولا”.
|