وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوتی رەش هاتە دەنگ

2025-08-25  292 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە هەناردەکردنی نەوتی رەش بە شێوەی قاچاخ دەکەن و دەڵێت، سەرجەم کارەکانی بەبازاڕکردن و هەناردەکردنی نەوتی رەش بە سیستمێکی رێکاری ورد، لەژێر چاودێری راستەوخۆی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت دەکرێن. 
 
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، "هەر بارێک لە ساتەوەختی یەکەمەوە تاوەکو بەندەرەکە بەجێدەهێڵێت، چاودێری مەیدانی و ئەلیکترۆنی دەکرێت، ئەمەش هەر باسێک لەسەر قاچاخچێتی یان پێشێلکاری رێکخراو، دەکاتە تۆمەتێکی بێ بەڵگە، کە هیچ بنەمایەکی پیشەیی نییە."
 
لە دەنگۆکاندا باس لەوە کراوە، کە هەندێک تانکەری نەوتهەڵگری نەناسراو لە بەندەرەکاندا خەریکی بارکردنی نەوتن، بەڵام وەزارەتی نەوت دەڵێت: "بەندەرەکانی عێراق لە چوارچێوەی سیستمێکی رێکخستنی توونددا کاردەکەن، کە رێگە بە تێپەڕبوونی هیچ بارێک نادات بەبێ رەزامەندی فەرمی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە؛ هەموو تانکەرەکان لە رێگەی سیستمی بەدواداچوونی دەریاییەوە چاودێری و بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت."
 
وەزارەتەکە جەختیش لەوە دەکاتەوە، "تێوەگلانی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە تۆمەتەکانی قاچاخچێتی بەبێ هیچ بەڵگەیەک، ناوزڕاندنێکی قبووڵنەکراو و مەترسیدارە و سووکایەتییەکی راستەوخۆ بە نێوبانگی دەوڵەتی عێراق و دامەزراوەکانی دەکات و ئاسایشی ئابووری نیشتمانی دەخاتە بەردەم هەڕەشەی جیدی."
 
دەنگۆیەکان لە رۆژنامەیەکی عێراقیدا بڵاوکراونەتەوە، وەزارەتی نەوت هەڕەشە لەو دەزگا و لایەنانە دەکات کە ئەو دەنگۆیانە بڵاودەکەنەوە و دەڵێت: "درێخی ناکەین لە پاراستنی نێوبانگ و پێگەی یاسایی خۆمان، هەروەها رێکاری یاسایی تووند دەگرینەبەر بەرامبەر بەو کەس و لایەنانەی کە پەرە بەو تۆمەتە ناڕاستانە دەدەن." 
 
رۆژ سێی تەممووزی ئەم ساڵیش، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، سزای نوێیان بەسەر تۆڕێکی بازرگانیدا سەپاندووە، کە بە قاچاخ نەوتی ئێرانی بە ناوی نەوتی عێراقەوە فرۆشتووە.
 
بەگوێرەی گەنجینەی ئەمریکا، ئەو تۆڕە کە لەلایەن بازرگانێکی عێراقییەوە بە ناوی سەلیم ئەحمەد سەعید بەڕێوەدەبرێت، لانیکەم لە ساڵی 2020ـەوە بایی ملیاران دۆلار نەوتی ئێرانی کڕیوە و گواستووەتەوە، کە بە ناوی نەوتی عێراق یان لەگەڵ نەوتی عێراق تێکەڵکراوە و بەو شێوەیە فرۆشراوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە