کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی کورد لەسلێمانی دەستیپێکرد

2025-08-25  153 جار خوێنراوەتەوە

ئەمڕۆ 25ی8ی2025، دووهەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی کورد، رەنگدانەوەی لە ئەدەب، هونەر و میدیادا، بە چاودێری حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری و لاوان و ئامادەبوونی توێژەران و ئەکادیمی و کەسایەتییە ئەدەبی و هونەری و رۆشنبیرییەکان و شارەزایانی حەوت وڵاتی جیهان لەسلێمانی دەستیپێکرد، کە 28 توێژینەوەی زانستی لەخۆدەگرێت و ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت.

بەشێک لە راسپاردەو پیشنیارەکانی کۆنفرانسی یەکەم جێبەجێدەکرێت

سەرەتای کۆنفرانسەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد و دواتر دەلیل جەمال سەرپەرشتیاری کۆنفرانسەکە وتاری بەخێرهاتنی پێشکەشکرد و وتی: لەسلێمانی پایتەختی رۆشنبیری و شاری داهێنانی ئەدەبی و سەکۆی دیالۆگ و فێستیڤاڵە هونەری رۆشنبیرییەکانەوە بەخێرهاتنتان دەکەین، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان ئەمڕۆ لەدووهەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی کورد دا، بەشێک لە راسپاردەو پیشنیارەکانی کۆنفرانسی یەکەم جێبەجێدەکات و سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەین کە هاوکارمانبوون بۆ ئەو مەبەستە.

سلێمانی سەرمەشقە

لەکۆنفرانسەکەدا حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری و لاوان وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند:سوپاسی هەموو میوانمان لە دەرەوەی هەرێم دەکەین کە میواندارییەکەیان قبوڵکردین یاخود بە توێژینەوە بەشدارییانکرد، هیوادارین سلێمانی بکەینە پایتەختێک بۆ خزمەتکردنی گیانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی جینۆساید و خزمەتکردنی رۆڵی زانستییانە لەوبوارەدا، وەک چۆن لەبوارەکانی تری ژیانیشدا سەرمەشقە.

وتیشی: جینۆسایدی ئێزیدییەکان لە ساڵی 2014دا، لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە زەنگێکی مەترسیدار بوو هەموومانی راچڵەکاند، ئەوە راستییەی سەلماند کە جینۆساید وەک تاوانێک، هەمیشە مەترسییەکانی لەبەردەرگادان و پێویستە رێگە لەدووبراەبوونەوەیان بگرین.

کاربکەین بۆ خزمەتکردنی وارسی ئەنفالکراوان

هەر لەکۆنفرانسەکەدا هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی وتارێکی پێشکەشکرد و دوای بەخێرهاتن و سوپاسی رێکخەرانی کۆنفرانسەکە، رایگەیاند: جینۆساید بەرهەمی ستەمکاری و خۆسەپێنی و تاکڕەوی و پاوەنخوازی و پاکتاوکردن و سڕینەوەی ئەوانی ترە و هەوڵدانە بۆ لەناوبردنی یادەورییەکان، ئەوەی لەلایەن رژێمی پێشووەوە بەرامبەر بە کورد کرا، تەنها جینۆساید نەبوو، بەڵکو بەکۆی پرۆسەکان پێکەوە هەوڵی لەناوبردنی جوانییەکانی کوردستان دراوە بە سروشتەکەشییەوە.

راشیگەیاند: پێویستە وەک رەوەندی کوردی هەمووان پێکەوە کاربکەین، تاوەکو بەشێوەیەکی رەسمیی لەسەر ئاستی جیهان پرۆسەی جینۆساید لەسەر ئاستێکی نێودەوڵەتی ئەم تاوانە بە جینۆساید بناسێنرێت و کاربکەین بۆ ئەوەی وارسی ئەنفالکراوان خزمەت بکەین و وەک نمونەیەکی گەورەی بەرگریی سەیریان بکەین و هەمیشە بیانخەینە پێشەوە.

کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی کورد بۆ دووهەمین جارە بەڕیوەدەچێت و ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت و کە 28 توێژینەوەی زانستی لەخۆدەگرێت، هاوکات لەم کۆنفرانسەدا بەشێک لە راسپاردەو پیشنیارەکانی کۆنفرانسی یەکەم جێبەجێدەکرێت.ئەمڕۆ، دووهەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی کورد، رەنگدانەوەی لە ئەدەب، هونەر و میدیادا، بە چاودێری حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری و لاوان و ئامادەبوونی توێژەران و ئەکادیمی و کەسایەتییە ئەدەبی و هونەری و رۆشنبیرییەکان و شارەزایانی حەوت وڵاتی جیهان لەسلێمانی دەستیپێکرد، کە 28 توێژینەوەی زانستی لەخۆدەگرێت و ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە