گرتنەوەى ئاوى عێراق و لەناوچوونی بە کۆمەڵی ماسیەکان بەردەوامە

2025-08-25  325 جار خوێنراوەتەوە

ژمارەیەکی زۆر ماسی لە ڕووباری جود لە پارێزگای بابل لەناوچوون و سەر ئاوەکە کەوتوون، بەرێوەبەرایەتی ژینگەی پارێزگاکە هەوڵی لێکۆڵینەوە و هۆکاری مردنى ئەو ماسییانە دەدات، ئەمە لە کاتێکدایە دەوڵەتى داگیرکەرى تورک بەردەوامە لە گرتنەوەى پشکى ئاوى عێراق و درووستکردنى قەیرانى ئاو.

جەسب حەجامی، بەڕێوەبەری گشتیی بەشی پاراستنی ژینگە لە فوراتی ناوەڕاست سەبارەت بە لەناوچوونى سەدان ماسی لە سنوورى پارێزگاى بابل، ڕایگەیاند، لە ڕووباری جودى پارێزگای بابل ژمارەیەکی زۆر ماسی لەناوچوون و سەر ئاوەکە کەوتوون،  تیمەکان نموونەی ئاوی ڕووبارەکانیان وەرگرتووە و بەشێکى ماسییە لەناوچووەکانیان بردووە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێویست.

هاوکات زاری مەکی هادی، بەڕێوەبەری بەشی ژینگەی بابل بە میداکانى وت: لە ئەنجامی سەرەتایی پشکنینی تاقیگە و پشکنینی جەستەیی هیچ نیشانەیەکی نەخۆشی دەرنەکەوتووە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ماسییەکان بەرکەوتەی ژەهراویبوونی ژینگە بوون.

ئاماژەى بەوەشکرد، هەوڵی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنى ئەو ماسییانە دەدەن، دواى ئەنجامى شیکارى بۆ ئەو ماسییانە، ئەنجامەکەى و هۆکارى مردنەکەیان دەخەینەڕوو.

جێگەى ئاماژەیە، دەوڵەتى داگیرکەرى تورک ماوەى چەند ساڵێکە دەستیکردرووە بە  گرتنەوەى پشکى ئاوى عێراق و درووستکردنى قەیرانى ئاو، ئەمەش بووەتە هۆى ئاوارەبوونى دانیشتوانى هۆڕەکان و زیانگەیاندن بە کەرتەکانى ئابوورى، ژینگە و کشتوکاڵى وڵات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە