یەکێتی بەفەرمی هێرشی توندی بۆسەر پارتی دەستپێکرد

2025-08-24  220 جار خوێنراوەتەوە

شەڕی میدیایی نێوان پارتی و یەکێتیی دەستی پێکردەوە و میدیا فەرمییەکانی هەر دوولا هەوڵی دەرخستن و نیشاندانی کەم و کورتیەکانی یەکتر دەدە.

میدیای فەرمی و زمانحاڵی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەڵێت سێ رۆژە میدیای رەسمی و ناڕەسمیەكانی پارتی بە ئیعاز و پلانی سەروی خۆیان و بەدڵێكی رەشی پڕ لە قین پەلاماری شاری سلێمانی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەدەن راشیدەگەیەنێت:" هەموو خەڵكی كوردستان ئەو راستیە دەزانن ئەم پەلامارەی ئێوە بۆ ئەوەیە شكستی خۆتان و هێزەکانتان و سوتانی هەمەر و جێهێشتنی چەک و ڕاکردنتان بەرامبەر خورشید هەرکی لە بیر خەڵک ببەنەوە".

میدیای فەرمی یەكێتی ئاماژەی بەوەشکردووە میدیای رەسمی و ناڕەسمیەكانی پارتی هەواڵی ناڕاست و چەواشەكارانە بەناوی سەرۆك و سەركردەكانی یەكێتی لەسەر روداوەكەی لالەزار و پرۆسەی چەسپاندنی یاسا بلاودەكەنەوە، ئێمە بە میدیای پارتی و ئاغاكانیان دەڵێین نەك سێ رۆژ، بەڵكو سێ هەزار شەو و رۆژی تر پەلاماری یەكێتی و سلێمانی بدەن ناتوانن شكستی خۆتان و هێزەكانتان بەرامبەر خورشید هەركی و ناڕەزاییەكانی ئەو ناوچەیە داپۆشن.

لە دوای رووداوەکەی لالەزار و دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی و کوشتن و برینداربوونی ژمارەیەک چەکداری هەردوولا، میدیاکانی سنوری پارتی بە شێوازێکی چڕ بەردەوامن لە ڕووماڵکردنی ئەو ڕووداوەو بەردەوام گرتەی ڤیدیۆیی نوێ و زانیاری نوێ لەبارەی شەڕەکەوە بلاودەکەنەوە.

سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی بە ٧ڕۆژی ڕاگەیاند ئەم هێرشە میدیاییەی هەردوولا بۆ سەر یەکتر، کۆبوونەوەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان راگرتووەو پەیوەندییەکانی هەردوولایان گەڕاوەتەوە خاڵی سفر.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە