دەست بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی شەڕەکەی لالەزار دەکرێت
2025-08-23
182 جار خوێنراوەتەوە
جێگری پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، ئەمڕۆ دەست بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی شەڕەکەی لالەزار دەکرێت. ئاماژە بەوەش دەکات، ''ئەوانەی لیژنەی تایبەتمەند بۆ خەمڵاندنی زیانەکان سەردانی نەکردوون، دەتوانن خۆیان ئاگادارمان بکەنەوە.''
شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی، رایگەیاند، ئەو لیژنەیەی بۆ خەمڵاندنی زیانەکانی شەڕەکەی هۆتێل لالەزار پێکهێندرابوو، لە سەردانیکردنی ئەو شوێنانە بەردەوام دەبێ کە زیانیان بەرکەوتووە.
ئاماژەی بەوە کرد، ''بێگومان لە بچووکترین تاوەکو گەورەترین زیان چارەسەر دەکرێ و زیانلێکەوتووان قەرەبوو دەکرێنەوە.''
جێگری پارێزگاری سلێمانی جەختی لەوە کردەوە، راسپێردراون ''هەر ئەمڕۆ، لە سەرجەم ئەو ماڵانەی سەردانیان کراوە، راستەوخۆ دەست بکرێ بە نۆژەنکردنەوە یان چاککردنەوەی خانوو و ئۆتۆمبێلەکانیان. ئەوەی چاک دەکرێتەوە چاکی دەکەینەوە؛ ئەوەی کە پێویستیشی بە قەرەبووی ماڵی بێت، قەرەبوو دەکرێتەوە.''
شاهۆ عوسمان لەبارەی ئەو ماڵانەی تا ئێستا بۆ خەمڵاندنی زیانەکانیان سەردانیان نەکراوە، دەڵێت، ''رێنماییمان کردوون کە خۆیان سەردانی تیمەکانمان بکەن لە گەڕەکەکان و ئاگاداریان بکەنەوە.''
بەوتەی شاهۆ عوسمان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بودجەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی شەڕەکە دابین دەکات و ''لەڕووی ماڵیشەوە هیچ چوارچێوەیەکمان بۆ دیاری نەکراوە، تەنیا ئەوەندە گوتراوە کە ئەگەر ماڵێک بە گوللەیەکیش زیانی بەرکەوتبێ، پێویستە زیانەکە چارەسەر بکرێت.''
کاتی شەڕەکە، کۆمەڵێک گەشتیار لە نزیک هۆتێل لالەزار بوون و دەگوترێ زیانیان بەرکەوتووە. جێگری پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، ''هەر زیانێک بەر هەر کەسێک کەوتبێت، ئێمە بەرپرسیارین و فەرمانمان پێکراوە بۆ چاککردنەوە و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان.''
|