ئەمریكا لەناكاو سەرجەم هێزەکانی لە عێراق دەكشێنێتەوە
2025-08-24
434 جار خوێنراوەتەوە
هێزەکانی سەربازییەکانی ئەمەریکا بەیانی ئەمڕۆ بەشێوەیەکی کتوپر لە هەردوو سەربازگەی عەین ئەسەد و ڤیکتۆریا کشانەوە.
سەرچاوەیەکی باڵای حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند؛ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لایەنی فەرمی حکومەتی عێراقییان ئاگادار كردوەتەوە لەوەی پابەندی ئەو خشتە زەمەنییە نابن كە لە رێككەوتنی نێوان واشنتۆن و بەغدا هاتووە بۆ كشانەوەی هێزەكانیان و لە ئێستاوە سەرجەم هێزەكانیان لە عێراق دەكشێننەوە.
كەناڵی (سكای نیوز) لە زاری سەرچاوە سیاسییەكانەوە ئاشكرای كرد واشنتۆن بڕیاری داوە بە شێوەیەكی لەناكاو سەرجەم سەربازەكانی لە هەردوو بنكەی (عێن ئەسەد و ڤیكتۆریا) لە عێراق بكشێنێتەوە.
ئەوەشی ئاشكرا كرد ئەو هێزانەی ئەمریكا كە لە عێراق دەكشێندرێنەوە، دەهێندرێن بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و، بەشێكیشیان دەبرێنە وڵاتێكی عەرەبیی دراوسێی عێراق.
بەپێی هەواڵی كەناڵەكە، ئەمریكییەكان هاوتا عێراقییەكانیان لەوە ئاگادار كردوەتەوە ئەوان پرۆسەی كشانەوەكە خێراتر دەكەن و پابەندی ئەو خشتە زەمەنییە نابن كە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی ئەمریكا و عێراق بۆ كشانەوەی هێزەكان دیاری كراوە.
كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق، هاوكاتە لەگەڵ نیگەرانییەكانی ئەو وڵاتە بەرامبەر بە ئەگەری دەركردنی یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق.
ئەوەش لەکاتێکدایە سەرچاوەكان بە دووری نازانن لە حاڵەتی دەركردنی یاسای حەشدی شەعبی، ئەمریكا هەڵوێستی كرداری هەبێت و هێرشی سەربازی بكاتە سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی. تەنانەت بەشێك لە چاودێران پێیانوایە كە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق هەنگاوێكی خۆپارێزییە، چونكە لە بنكە سەربازییەكانی (عێن ئەسەد و ڤیكتۆریا) هەڕەشەی زۆرتر دەكەوێتە سەر ژیانی سەربازی ئەمریكا.
لە دوای ساڵی 2003 و پرۆسەی ئازادكردنی عێراق، ئەمە دووەمین جارە سوپای ئەمریكا عێراق بەجێ بهێڵێت، جاری پێشووش لە ساڵی 2011 هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق كشانەوە.
|