قوباد تاڵەبانی: تاوانباران رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە
2025-08-23
139 جار خوێنراوەتەوە
قوباد تاڵەبانی پەیامێکی لەبارەی شەڕەکەی لالەزار بڵاوکردەوە و دەڵێت، "تاوانباران رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە."
لە پەیامێکدا لەبارەی شەڕەکە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دڵگرانیی خۆی بە کوژرانی سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان سەرمەند عەلی، دیار سەردار حەکیم و ئاری شێخ سوعاد تاڵەبانی دەربڕیوە و دەڵێت، "لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی چەسپاندنی یاسا و پاراستنی ئاسایشدا گیانیان بەخت کرد."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو سێ ئەندامە کوژراوەی هێزە ئەمنییەکان کردووە و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکانیش خواستووە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا قوباد تاڵەبانی نووسیویەتی، "هەموو لایەکیش دڵنیا دەکەینەوە، ناهێڵین خوێنی شەهیدانی چەسپاندنی یاسا بەفیڕۆبچێت و تاوانباران رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە."
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 22ی ئابی 2025، دوای شەڕ و پێکدادانی قورس لە ماڵ و بارەگەی سەرەکی بەرەی گەل نزیک هوتێل لالەزار لە شاری سلێمانی، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی بە دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و دوو لە براکانی بە ناوەکانی پۆڵاد و ئاسۆ شێخ جەنگی، کۆتایی هات. لەگەڵ ئەوان دەیان کەسی دیکە لە کەسوکاری نزیکی و پاسەوانەکانی دەستگیر کران.
لە ئەنجامی ئەم رووبەڕووبوونەوەیەدا، چوار کەس گیانیان لەدەستدا، کە سیانیان لە هێزە ئەمنییەکان بوون (یەکێک لە دژەتیرۆر، یەکێک لە کۆماندۆ و یەکێک لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش) و کەسێکی دیکە لە لالەزار کوژراوە.
|