لێدوانی نوێی مەسرور بارزانی لەبارەی هێرشەکەی سەر لالەزار
2025-08-23
219 جار خوێنراوەتەوە
نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا، هێرشی شەوی رابردووی سەر "لالەزار"ی خستە ئەستۆی هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و رایگەیاند، رووداوەکە کێشەیەکی نێوان یەکێتی و "بەرەی گەل" بووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە کە رۆژی هەینی بڵاوکراوەتەوە، سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو دوا ساتەکانی گەمارۆدان و پەلاماردانەکە ئاگاداری رووداوەکە نەبووە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "سەرەڕای هەوڵی زۆری سەرۆکی حکومەت بۆئەوەی شەڕ و پێکدادان روونەدات، بەڵام زۆر بەداخەوە هێرشەکە ئەنجام درا و کوژراو و برینداری لێکەوتەوە."
نووسینگەی سەرۆکی حکومەت نیگەرانی و دڵگرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر رووداوەکە دەربڕیوە و داوا دەکات، "یاسا ببێتە جێگرەوەی بڕیاری حیزبی و تووندوتیژی."
لە کۆتاییدا هۆشداری دراوە لەوەی، "چیدی شەڕ و ئاژاوە، سەقامگیریی هەرێمی کوردستان نەخاتە مەترسییەوە" و پێویستە کێشەکان لەڕێگەی یاساوە یەکلایی بکرێنەوە نەک بەکارهێنانی هێز.
بەرەبەیانیی رۆژی هەینی 22ی ئابی 2025، دوای شەڕ و پێکدادانی قورس لە ماڵ و بارەگەی سەرەکی بەرەی گەل نزیک هوتێل لالەزار لە شاری سلێمانی، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی بە دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و دوو لە براکانی بە ناوەکانی پۆڵاد و ئاسۆ شێخ جەنگی، کۆتایی هات. لەگەڵ ئەوان دەیان کەسی دیکە لە کەسوکاری نزیکی و پاسەوانەکانی دەستگیر کران.
لە ئەنجامی ئەم رووبەڕووبوونەوەیەدا، چوار کەس گیانیان لەدەستدا، کە سیانیان لە هێزە ئەمنییەکان بوون (یەکێک لە دژەتیرۆر، یەکێک لە کۆماندۆ و یەکێک لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش) و کەسێکی دیکە لە لالەزار کوژراوە.
|