مەسرور بارزانی: پێویستە دەستبەجێ ئەو پێکدادانانەی سلێمانی رابگیرێت
2025-08-22
80 جار خوێنراوەتەوە
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی گرژییەکانی لالەزاری سلێمانییەوە رایگەیاند، ئەم گرژی و پێکدادانەی لە سلێمانی روودەدات ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج، بۆیە پێویستە هەموو لایەک دان بە خۆیاندا بگرن و دەستبەجێ ئەو پێکدادانانە رابگیرێت.
دەشڵێت، "گەنجانی ئەم وڵاتە نەکرێنە قوربانی، هەر کێشە و ناکوکییەکیش هەبێت پێویستە بە رێگەی یاسایی چارەسەر بکرێت".
مەسرور بارزانی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی لە راگەیێندراوێکدا ئەو پەیامەی بڵاوکردەوە.
ئەو هەروەها دەڵێت، "لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە هەوڵداندام بۆ ئەوەی کۆتایی بەم گرژیانە بهێنرێت و رێگە لە خوێنڕشتن و تووندوتیژی بگیرێت".
لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەوە، هێزێکی زۆری ئەمنی براوەتە نزیک هۆتێل لالەزاری سلێمانی کە شوێنی نیشتەجێبوونی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەلە.
هێزە ئەمنییەکان داوای خۆبەدەستەوەدانیان لە لاهوور شێخ جەنگی کرد و گوتیان کە فەرمانی دەستگیرکردنیان پێیە، ئەویش رەتیکردەوە.
لە پاش کاتژمێر 03:00، شەڕ دەستیپێکرد و بەپێی ئەو ڤیدیۆیانە بێت کە دەستی رووداو کەوتوون، ئاگر و دووکەڵ لە هۆتێلی لالەزارەوە بەرز دەبنەوە.
|