ئاراس شێخ جەنگی: هێز بچێتە سەر لالەزار، ئەگەری رووبەڕووبوونەوە هەیە
2025-08-22
160 جار خوێنراوەتەوە
وتەبێژی دادگەی سلێمانی دەڵێت، فەرمانی گرتنی لاهوور شێخ جەنگی دەرچووە و "دەبێت جێبەجێ بکرێت". ئاراس شێخ جەنگی کە برای لاهوور شێخ جەنگییە ئاماژە بەوە دەکات، نزیکەی 400 بۆ 500 چەکدار لە لالەزار هەن، ئەگەر هێز بچێتە سەریان، "ئەگەری رووبەڕووبوونەوە هەیە."
حاکم سەلاح حەسەن، وتەبێژی دادگەی سلێمانی رایگەیاند: "فەرمانی دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی لە دادگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایشەوە دەرچووە، رێکەوتی دەرچوونی فەرمانەکەش ئەمڕۆ بووە نەک پێشووتر."
فەرمانی گرتنەکە بەگوێرەی مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقییە، حاکم سەڵاح وتی: "مادەکە باس لە رێککەوتنی چەند کەسێک دەکات بۆ ئەنجامدانی تاوان و وردەکارییەکان لەلای دادگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایش، پاش گرتنیشی بە تۆمەتبارەکە دەگوترێت کە وردەکارییەکە چییە."
وتەبێژی دادگەی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە: "فەرمانەکە دەرچووە و دەبێت جێبەجێ بکرێت، بۆیە واباشترە تۆمەتبار خۆی رادەست بکات، بۆیەش هێزی زۆر بەکارهێنراوە چونکە تۆمەتبار خۆی خاوەنی هێزە و ئامانجەکە ئەوەیە کە پێکدادان دروست نەبێت."
حاکم سەڵاح دەڵێت، "بڕیارەکە هیچ پەیوەندی بە دەستوەردانی حیزبی و سیاسی نییە، تۆمەتبار دەتوانێت لە بەردەم دادوەر بەرگری لە خۆی بکات و بەڵگە بخاتەڕوو بۆ سەلماندنی بێتاوانی خۆی."
ئاراس شێخ جەنگی کە برای لاهوور شێخ جەنگییە بە میدیای پارتی وت: "ئەمڕۆ بە رەشبگیری هێزە ئەمنییەکان چەندین کەسیان دەستگیرکردووە و ئەمەش وادەکات گێرەشێوێنی لە شارەکەدا دروست ببێت."
ئاراس شێخ جەنگی دەڵێت، "لەگەڵ لایەنی عێراقی قسەم کرد و گوتیان ئێمە دژی ئەو کارانەین کە دەکرێن."
بە بڕوای ئاراس شێخ جەنگی، "دادگا سەربەخۆ نییە لەم وڵاتە، من خۆم کاتی خۆی فەرمانم بە دادگا کردووە کە چیبکەن، من خۆم بەرپرس بووم تەلەفۆنم بۆ دادوەر کردووە وتوومە ئەوە و ئەوە بکەن و کردوویانە."
هاوکات، باس لەوەش دەکات، "نزیکەی 400 بۆ 500 چەکدار لە لالەزار هەن، ئەگەر هێز بچێتە سەریان، ئەگەری رووبەڕووبوونەوە هەیە. ئەوانەی لە لالەزارن مەشقپێکراون و چەکی پێشکەوتوویان پێیە."
لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی حیزبی بەرەی گەلە. پێشتر هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو.
بەرەی گەل پار بۆ یەکەم جار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشداری کرد، کە لە 20-10-2024 بەڕێوەچوو و دوو کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا.
|