تۆڕێکی گەندەڵی هەڵوەشێندرایەوە و 18 کەس دەستگیرکران

2025-08-21  147 جار خوێنراوەتەوە

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە پارێزگای کەرکووک، تۆڕێکی رێکخراوی گەندەڵییان هەڵوەشاندووەتەوە و 18 تۆمەتباریان دەستگیرکردووە. لەنێویاندا فەرمانبەری حکومی، کارمەندی بانک و وەبەرهێنەر هەن. تۆڕەکە نزیکەی 8 ملیار دینار سامانی گشتییان بەهەدەر داوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمیی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بڵاویکردووەتەوە، ئۆپەراسیۆنەکە دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر کراوە و ئامانجی لێدان بووە لەو تۆڕەی "بە شێوەیەکی رێکخراو ساختەکارییان لە کەرتی خانووبەرەدا کردووە."
 
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە تۆڕەکە دوو شێوازی بۆ گەندەڵییەکانی بەکارهێناوە، یەکەم: وەرگرتنی قەرزی وەهمی لە رێگەی پێشکێشکردنی بەڵگەنامەی ساختەوە. مامەڵەیان بە ناوی هاووڵاتییانی بێئاگا کردووە و بەڵێنیان پێداون یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین بکەن. لەم چوارچێوەیەدا، دەست بەسەر 30 مامەڵەی دیکەدا گیراوە کە ئامادەبوون بۆ خەرجکردن.
 
دووەم: هەوڵدان بۆ دەستگرتن بەسەر پارچە زەوییەکی حکومیدا بە رووبەری 57 هەزار و 500 مەتر دووجا، ئەمەش لە رێگەی بەکارهێنانی بەڵگەنامەی ناڕاست و ساختەوە بووە بۆ داگیرکردنی موڵکی دەوڵەت.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی "ئۆپەراسیۆنەکە بووەتە هۆی رێگری لە بەهەدەردانی نزیکەی 8 ملیار دیناری عێراقی" و سەرجەم تۆمەتبارەکانیش رەوانەی لایەنی دادوەریی پەیوەندیدار کراون بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست لە دژیان.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە