ئەحمەد شەرع سیستمی هەڵبژاردنی سوریای پەسەند کرد
2025-08-21
268 جار خوێنراوەتەوە
ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەلی سووریا بۆ 210 ئەندام کەمکرایەوە. دوو لەسەر سێی ئەندامەکان لەلایەن دەستەی هەڵبژاردنی تایبەتەوە دیاریدەکرێن، مەرجی ئەندامێتى ئەوەیە کە پێش 2011 رەگەزنامەی سووریای هەبووبێت، هەروەها لایەنگری جیابوونەوە و دابەشکردن نەبێت.
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، مەرسوومێکی کۆماریی دەرکرد کە تایبەتە بە سیستمی کاتیی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەلی سووریا.
سیستمی هەڵبژاردنەکە لە 54 مادە پێکهاتووە و بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەلی کاتیی ئەو وڵاتەیە بۆ قۆناخی راگوزەر، کە بڕیارە مانگی داهاتوو بکرێت.
بەگوێرەی سیستمەکە، ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەلی سووریا 210 کەسە، لەکاتێکدا پێشتر ژمارەیان 250 ئەندام بوو. دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە هەڵدەبژێردرێن.
ژمارەی کورسیی پارێزگاکان بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانەکەی دەبێت. هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن کورسییەک یان زیاتری دەبێت. لە هەر بازنەیەکدا دەستەیەکی دەنگدەران پێکدەهێنرێت، کە ئەوانیش دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل هەڵدەبژێرن.
ژمارەی ئەندامانی دەستەی دەنگدەران لە هەر بازنەیەکدا بریتی دەبێت لە ژمارەی کورسییە تەرخانکراوەکانی بازنەکە کەڕەتی 50 دەکرێت. 70%ـی ئەندامانی ئەو دەستەیە لە کەسانی شارەزا و 30%ـی دیکەیان پیاوماقووڵانی ناوچەکە دەبن، هەروەها دەبێت 20%ـی ئەندامانی دەستەکە ژن بن.
تەنیا ئەو کەسانە مافیان هەیە خۆیان بۆ ئەندامێتیی ئەنجوومەنی گەل کاندید بکەن، کە ئەندامی دەستەی دەنگدەران دەبن.
لیژنەى باڵای سەرپەرشتیاری هەڵبژاردن، سەرپەرشتیی کاروباری لیژنە تایبەتەکانی هەڵبژاردن دەکات و بارەگاکەی لە دیمەشق دەبێت. هەروەها لیژنەی لاوەکیش لە ناوچەکانی هەڵبژاردن دەبێت. لە ئەگەری چۆڵبوونی شوێنی هەر ئەندامێکی ئەو لیژنانە، سەرۆککۆمار جێگرەوەکەی دادەنێت.
لیژنەیەکی یاسایی پێکدەهێندرێت، کە لە کەسانی یاساناس پێکدێت، بۆ ئەوەی رێوشوێنەکانی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردن دابڕێژن.
مەرجەکانی ئەندامێتی لە لیژنەی لاوەکیی هەڵبژاردن و دەستەی هەڵبژێرەردا دیاریکراوە، کە دەبێت بەر لە 1ـی ئایاری 2011 رەگەزنامەی سووریی هەبووبێت، تەمەنی 25 ساڵی تەواو کردبێت و خۆی بۆ هیچ کام لە هەڵبژاردنەکانی دوای 2011 بەربژێر نەکردبێت یان ئەندامی ئەنجوومەنی گەلی سووریا نەبووبێت.
یەکێک لە مەرجەکان ئەوەیە نابێت پشتیوانیکاری رژێمی پێشووی سووریا و رێکخراوە تیرۆریستییەکان بووبێت، هەروەها نابێت بانگەشەکاری جیابوونەوە، دابەشکاری و پشتبەستوو بووبن بە لایەنی دەرەکی.
بەگوێرەی سیستمی هەڵبژاردنەکە، لە هەموو پارێزگایەک لیژنەیەکی دادوەریی سەربەخۆ پێکدەهێندرێت بۆ تاوتوێکردنی ئەو تانانەی لەبارەی هەڵبژاردنەوە دەگیرێن.
بانگەشەی هەڵبژاردن لەدوای ئەوە دەستپێدەکات کە لیژنە لاوەکییەکانی هەڵبژاردن لیستی کۆتاییی بەربژێرەکان رادەگەیێنن. دەبێت 24 کاژێر بەر لە رۆژی دەنگدان بانگەشە رابگیرێت.
لە ماوەی سێ رۆژ لە دەرچوونی مەرسوومی کۆماری بۆ دیاریکردنی ناوی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل، سەرۆکی لیژنەى باڵای هەڵبژاردن داوا لە ئەندامان دەکات بۆ ئەوەی یەکەم کۆبوونەوە بکەن. پێویستە وادەی یەکەم کۆبوونەوە لانیکەم سێ رۆژ دوای داواکارییەکە بێت و نابێت لە حەوت رۆژ تێپەڕ بێت.
لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گەلی سووریادا، بە تەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتیی دانیشتنەکە دەکات و ئەو ئەندامەی کەمترین تەمەنی هەیە، دەبێتە ئەمینداری دانیشتنەکە.
|