"حەوت ھەزار مۆلیدە لە ھەرێمی کوردستان دەکوژێنەوە"

2025-08-21  341 جار خوێنراوەتەوە

بەڕێوەبەری بەرھەمھێنان و گواستنەوەی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێم وتی "پڕۆژەی ڕووناکی لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی خێرا جێبەجێ دەکرێت، ئێستا ٤٠%ی جێبەجێ کراوە و بەردەوامیشە، تاوەکو کۆتایی ساڵی داھاتوو لە تەواوی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و حەوت ھەزار موەلیدە دەکوژێنەوە."

فارس میرخان محەمەدئەمین، بەڕێوەبەری بەرھەمھێنان و گواستنەوەی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێم، ڕایگەیاند "پڕۆژەی ڕووناکی لە ھەرێمی کوردستان زۆر بە خێرایی جێبەجێ دەکرێت و بووەتە ھۆی ئەوەی بارگرانی لەسەر کارەبا کەمبێتەوە، چونکە کەم سەرفکردنی کارەبا لۆدی سەر وێستگەکانی کارەبا بەڕێژەی نزیکەی ٤٠% کەمدەکاتەوە، لۆدیش کەمبێت سووتانی محاویلە کەم دەبێتەوە، ئێستا ٤٠%ی پڕۆژەکە جێبەجێ کراوە و ٢ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار ھاووڵاتی سوودیان لێی وەرگرتووە، دەکاتە ٧١٦ھەزار ھاوبەش، پڕۆژەکەش بەردەوامە، ئێستا لە ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ھەڵەبجە بەردەوامە." 

فارس میرخان  محەمەدئەمین  وتیشی "ئەو کارەبایەی بەردەستمان بەشی ئەوە دەکات کارەبا بکرێتە ٢٤کاتژمێریی.

ئاماژەی بەوەشکرد پڕۆژەی دیکەشمان ھەیە، دانەغاز کار دەکات بۆ بەرھەمھێنانی ھەزار و ٥٠٠ مێگەوات کارەبا، تا مانگی سێی ساڵی داھاتوو تەواو دەبێت، بۆیە ھیچ گرفتێک بۆ جێبەێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی دروست نابێت، ئەو پلانەی دانراوە، وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێت." 

دەشڵێت "تا ئێستا ٢ھەزار و ٥١٧ موەلیدە بەھۆی پڕۆژەی ڕووناکی کوژاونەتەوە، کە دوکەڵیان بەرامبەر بە دووکەڵی ٤٦٥ ھەزار ئۆتۆمبێلە، تا کۆتایی پڕۆژەکە حەوت ھەزار موەلیدە لە ھەرێمی کوردستان دەکوژێنەوە و کارەبا لە ھەرێمی کوردستان بەتەواوی دەبێتە ٢٤ کاتژمێریی."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە