سودانی پەیامێک ئاراستەی مەسعود بارزانی دەکات
12 کاتژمێر پێش ئێستا
118 جار خوێنراوەتەوە
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەبۆنەی 42هەمین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەكان ڕایگەیاند، پرسە و هاودەنگی خۆمان ئاراستەی برایانی بارزانی دەکەین بە تایبەتی بەڕێز مەسعود بارزانی، بۆ ئەو قوربانیدانە و ئەو خوێنە پاکە کە لەگەڵ خوێنی هەمو عێراقییەکان، بوە هۆی ڕزگاربون".
محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ هەینی لە پەیامێكدا كە لە پلاتفۆڕمی "X" بە زمانی كوردی بڵاویكردوەتەوە و ڕایگەیاند، 42 ساڵ بهسهر شاڵاوە دڕندەکانی ئەنفالدا تێدەپڕێت، کە پیر و منداڵ و ژنان و گەنجانی بنەماڵەی بارزانی"ـیە بەڕێزەکانی کردە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو هەڵمەتانە بوە هۆی بێسەر و شوێنکردنی ههشت ههزار کەس بە شێوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە، بەڵگەیەکی ڕونە لەسەر دیکتاتۆرییەت و تاوانکاریی ڕژێمی لەناوچو.
سودانی باسی لەوەشكردوە، بەم بۆنەیەوە پرسە و هاودەنگی خۆمان ئاراستەی برایانی بارزانی دەکەین بە تایبەتی بەڕێز مەسعود بارزانی، بۆ ئەو قوربانیدانە و ئەو خوێنە پاکە کە لەگەڵ خوێنی هەمو عێراقییەکان، بوە هۆی ڕزگاربون لەو سەردەمە لە تاریکییەوە بۆ ئازادی و دادپەروەری لە سایەی سیستەمی دیموکراسیماندا.
شاڵاوی ئەنفالی بارزانییەکان لە 31ی تەممووزی ساڵی 1983 دەستیپێکرد و تاوەکو ئابی هەمان ساڵ لە لایەن رژێمی بەعسەوە بەردەوام بوو.
لەو شاڵاوەدا، هەشت هەزار پیاو و گەنجی بارزانی دەستگیرکران و بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق راگوێزران و لەوێ زیندەبەچاڵ کران.
|