"حەجاجی نوگرە سەلمان" لە پارێزگای سەلاحەدین دەستگیركرا

13   کاتژمێر پێش ئێستا  109 جار خوێنراوەتەوە

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاند، تۆمەتباری هەڵاتو (عەجاج ئەحمەد حەردان)ـە، دەستگیر كراوە، كە بە "حەجاج نوگرە سەلمان" ناسراوەو، وەکو ئەفسەری ئەمنی لە زیندانی بەدناوی نوگرە سەلمان کاریکردوە كە بەشداری لە ئەشكەنجەدان، كوشتن و دەستدرێژیی لە زیندانەكەدا كردوە، بەتایبەت دژی رۆڵە ئەنفالكراوەكانی نەتەوەی كورد بۆ پارێزگای موسەنا. 

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە درێژەی ئەو ئۆپەراسیۆنە چۆنایەتییانەی کە ئامانج لێی راوەدونانی تاوانبارانی رژێمی پێشو بو، دوای لێکۆڵینەوەیەکی وردی هەواڵگریی، کە زیاتر لە شەش مانگی خایاند،  توانیان داواكراوێكی ڕژێمی پێشو دەستگیربكەن.

دەشڵێت، مەفرەزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە پارێزگای موسەنا، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی باشوری سەلاحەدین، توانیان یەکێک لە داواکراوەکانی رژێمی پێشو، کە تۆمەتباری هەڵاتو (عەجاج ئەحمەد حەردان)ـە، دەستگیر بکەن، كە بە "حەجاج نوگرە سەلمان" ناسراوەو، وەکو ئەفسەری ئەمنی لە زیندانی بەدناوی نوگرە سەلمان کاریکردوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، تۆمەتبار پێشتر چەندین پۆستی ئەمنیی هەبوە، لەوانە؛ ئەفسەری كەرتی الرميثة، ئەفسەری كەرتی النجمي، ئەفسەری كەرتی الهلال، ئەفسەری كەرتی المثنى، ئەفسەری كەرتی البصية، دواجاریش ئەفسەری كەرتی نوگرە سەلمان بوە. بەشداری لە پرۆسەكانی كوشتن و ناشتنی قوربانییەكان كردوە لەناو گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە چوارچێوەی ئەو كەرتەدا. 

ئاماژەی بەوەشكردوە، تۆمەتبار، لەسەردەمی دیكتاتۆریدا، زنجیرەیەك تاوانی دژە مرۆڤایەتی لەدژی سەدان هاوڵاتی عێراقی ئەنجامداوە، بەتایبەتیش رۆڵە ئەنفالكراوەكانی نەتەوەی كورد بۆ پارێزگای موسەنا، كە خۆی لە ئەشكەنجەدان و كوشتن و دەستدرێژیی دەبینێتەوە لەناو ئەو زیندانە بەدناوەدا. 

ئەوەشیخستەڕو، بەمەبەستی بەلاڕێدابردنی دەزگا ئەمنییەكان، بەدرێژایی ماوەی رابردو، كەسوكارەكەی بانگەشەی ئەوەیان كردوە كە مردوە، بەڵام هەوڵە هەواڵگرییەكان و شیكاری زانیارییەكان و دانپێدنانەكانی پێشو، هۆكار بون بۆ دۆزینەوەی شوێنەكەو دیاریكردنی شوێنی خۆحەشاردانی لەناو پارێزگای سەلاحەدین. 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، دوای تەواوكردنی رەزامەندیی دادوەریی و تۆماركردنی وتەی قوربانی و سكاڵاكارەكان، پرۆسەی دەستگیركردنی تۆمەتبار جێبەجێكرا و رەوانەی لایەنی تایبەتمەندی لێكۆڵینەوە كرا بەمەبەستی تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان لەدژی.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە