لەنێوان مۆدریچ و ڤینی چی روویدا؟

2025-02-07  42 جار خوێنراوەتەوە

شەڕە قسەی نێوان هەریەکە لە لوکا مۆدریچ، کاپتنی ریال مەدرید و ڤینیسیۆس جونیۆر، هێرشبەری ئەو یانەیە لە یاریی بەرامبەر لیگانێس، لە قۆناخی هەشتی جامی شای ئیسپانیا کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و میدیای ئیسپانیا رەخنە لە مامەڵەی ڤینیسیۆس دەگرێت و ئەنچێلۆتیش قسەی هەیە.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی وردەکارییەکانی دەمەقاڵێی نێوان لوکا مۆدریچ و ڤینیسیۆس جونیۆر لە یاریی بەرامبەر لیگانێس ئاشکرا دەکات و نووسیوویەتی " 5 خولەک بەر لە کۆتاییهاتنی یاریی نێوان هەردوو یانە، لیگانێس تۆپێک وەردەگرێت و بە کۆرنەر تۆپەکە کۆتاییدێت، مۆدریچ داوا لە ڤینیسیۆس دەکات بگەڕێتەوە بەرگری و یارمەتیان بدات، ڤینیسیۆس ئەمەی بە دڵ نییە و بە تووڕەییەوە وەڵامی مۆدریچ دەداتەوە و دەنگی بەسەر لوکادا بەرزکردووەتەوە، ڤالڤێردی بەم مامەڵەیەی ڤینی تووڕە دەبێت و داوای لێدەکات رێزی لوکا بگرێت."
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، تووڕەییەکەی ڤینی بەردەوامدەبێت و کاتێک فیکەی کۆتایی لێدەدرێت، ڤینیسیۆس راستەوخۆ لە یاریگە دەچێتە دەرەوە و ئاهەنگ لەگەڵ یاریزانەکانی ریال مەدرید ناگێڕێت."
 
لوکا مۆدریچ لەبارەی رووداوەکەوە قسەیکردووە و دەڵێت "لەگەڵ ڤینیسیۆس چۆنم؟ ئەم شتانە لە تۆپی پێدا روودەدەن، هەموو شتێک دەبینیت، کە نابێت بینابینیت."
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی لەبارەی رووداوەکەوە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا بە رۆژنامەڤانانی گوت  "پێویستە هەموومان رێز لە قسەی لوکا مۆدریچ بگرین."
 
جگە لەوەش لە یارییەکەدا ڤینیسیۆس لەگەڵ ناوبژیوانیش قسەیکردووە و کاتێک کارتی زەردی پێدراوە بە ناوبژیوانی گوتووە، تۆ شێتیت.
 
ڤینی لەرووی مامەڵەکردنەوە لە دۆخێکی خراپدایە و لەم وەرزەدا 11 کارتی زەردی وەرگرتووە و جارێکیش بە کارتی سوور کراوەتە دەرەوە، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی میدیای ئیسپانی رەخنەی زۆری لێبگرن و بە کێشە بۆ تیپەکەی ئەنچێلۆتی ناوی ببەن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە