ڤیدیۆ؛ مارسێلۆ بەیەکجاری وازی لە یارییکردن هێنا
2025-02-07
52 جار خوێنراوەتەوە
مارسێلۆ ڤیێرا، ئەستێرەی تۆپی پێی بەرازیل و پێشووی یانەی ریال مەدرید بەشێوەیەکی فەرمی وازهێنانی لە یارییکردن راگەیاند و وازهێنانەکەی جیاواز و سەرنجڕاکێش بوو.
بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، ئەستێرە بەرازیلییەکە لە بەرازییەکی مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا دەرکەوت کە دەڕوانێتە سەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ و بەیەکجاری وازهێنانی لە یارییکردن راگەیاند.
مارسێلۆ لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت "لە تەمەنی 18 ساڵیمدا ریال مەدرید بووە دەرگەی گەیشتنم، دەتوانم بە شانازییەوە بڵێم، من مەدریدییەکی راستەقینەم."
بەرگریکارە بەرازیلییەکە زۆرینەی کاروانی یارییکردنی بە درێسی یانەی شاهانەوە بوو، لە 16 وەرزی یارییکردنیدا بۆ ئەو یانەیە 25 نازناوی بەدەستهێنا، کە 5 نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بوو و بە یەکێک لە ئەفسانەکانی مێژووی یانەی ریال مەدرید لە هێڵی بەرگریدا هەژمار دەکرێت.
مارسێلۆ لە قسەکانیدا دەڵێت "ریال مەدرید یانەیەکی ناوازەیە، مەدریدسیمۆ هەستێکە وەسف ناکرێت."
مارسێلۆ ڤیێرا دا سیلڤا، تەمەنی 36 ساڵە، لە 2002 لە تیپی لاوانی یانەی فلومینێنسی بەرازیلی دەستی بە یارییکردن کردووە، ساڵی 2007 پەیوەندیی بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە کرد و تاوەکو ساڵی 2022 لەو یانەیەدا 546 یاریی ئەنجامدا و 25 نازناوی بردەوە، پاشان بۆ وەرزێک چووە یانەی ئۆڵیمپیاکۆسی یۆنانی و لەوێشەوە لە 2023 گەڕایەوە ئەو یانەیەی تێیدا دەرکەوتبوو و پەیوەندیی بە یانەی فلومینێنسییەوە کردەوە.
لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی بەرازیل، مارسێلۆ یاریی بۆ هەموو تیپە جیاوازەکانی هەڵبژاردەکە کردووە و 58 یاریی نێودەوڵەتیی لە 2006 تاوەکو 2018 بۆ هەڵبژاردەی سیلیساو ئەنجامداوە و 6 گۆڵی بەدرێسی تیپەکەوە تۆمارکردووە.
|