دوو کەس لە سنووری پێنجوێن بە "درۆن" کرانە ئامانج

15   کاتژمێر پێش ئێستا  343 جار خوێنراوەتەوە

دوای چوار مانگ ، بۆ یەکەمجار درۆنەکان گەیشتنەوە سنوری پێنجوێن و لە بۆردوومانێکدا دوو کەسیان کردە ئامانج
بەپێی زانیارییەکانی ٧ڕۆژ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی ماتۆرسکیلێكی لە سنووری پێنجوێنی پارێزگای سلێمانی کردووە، بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش برینداربووەو بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.

بۆردوومانەکە لە گوندی شیوەگوێزان لە سنووری شارەدێی گەرمکی سەربە قەزای پێنجوێن ڕوویداوە.

تا ئێستا نازانرێت بۆردوومانەکە لەلایەن کێوە کراوە، هیچ لایەنێکیش بەرپەرسیارێتی بۆردوومانەکەی نەخستووەتە ئەستۆی خۆی بەڵام گومان دەکرێت درۆنەکانی تورکیا بووبن و گەریلاکانیان لەو سنوورە کردبێتە ئامانج.

بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵەش، ٧ڕۆژ پەیوەندی بە قائیمقامی قەزای پێنجوێنەوە کرد بەڵام پەیوەندییەکانی بەردەست نەبوو.
ئەوەش لەکاتێکدایە ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردۆتەوە، لە ١ی کانوونی دووەم بۆ ٣٠ی حوزەیران، سوپای تورکیا (١،٦٧٨) هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە بە هۆی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، (٩) هاووڵاتی مەدەنی بونەتە قوربانی بە شێوەیەک (٣) هاووڵاتی شەهید و (٦) هاووڵاتی تری مەدەنی برینداربوون.

لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی یەکلایەنەی پەکەکە لە مانگی ئادار، سوپای تورکیا هیچ هێرش و بۆردوومانێکی بۆ سەر سنوری پارێزگای سلێمانی ئەنجامنەداوە بەڵام گومان  دەکرێت هێرشەکەی ئەمڕۆی سەر پێنجوێن لەلایەن تورکیاوە ئەنجام درابێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە