وەزارەتی ناوخۆ: سزادانی سەرپێچیکارانی شەڕەکەی خەبات دەستی پێکردووە
12 کاتژمێر پێش ئێستا
832 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا وردەکاریی گرژی و ئاڵۆزییەکانی قەزای خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێری ئاشکرا کرد.
وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، هۆکاری کێشەکە "ناکۆکی لەسەر زەویوزار" بووە و بەداخەوە زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە. وەزارەتەکە جەخت دەکاتەوە کە دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە و لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە.
لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە: "بە هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومی و حیزبی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ توانرا هەر زوو ئەو کێشەیە سنووردار بکرێت و بە هاوکاریی خەڵکی دەڤەرەکە ناوچەکە ئارام کرایەوە و رێکاری یاسایی بۆ چارەسەریی ناکۆکییەکان و سزادانی سەرپێچیکاران دەستیپێکردووە."
وەزارەتی ناوخۆ داوا لە خەڵکی ناوچەکە دەکات کە "بە قسەی ناحەزان و هاندانی دەستی گوماناوی هەڵنەخەڵەتێن و بەردەوام بن لە پابەندی بە رێنماییەکانی ئاسایش و هاوکار بن بۆ نەهێشتنی گرژییەکان."
لە کۆتایی روونکردنەوەکەدا، وەزارەتی ناوخۆ دڵنیایی دەدات و جەخت دەکاتەوە: "ئارامی و ئاسایشی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرووی هەموو شتێکە و رێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نادرێت بە هەر مەبەستێک بێت پەرە بە نائارامی و گرژی بدات و هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە کوردستان هەر بە سەقامگیرترین ناوچە لەدەڤەرەکەدا دەمێنێتەوە."
|