دادگاى فیدراڵى سکاڵای هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان دوادەخات
6 کاتژمێر پێش ئێستا
159 جار خوێنراوەتەوە
دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق وادەى یەکەم دانیشتنى لەبارەى دوو سکاڵای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەى ئەم خولەى پەرلەمانى کوردستان دوادەخات، داواکاریى پەرلەمان و سەرقاڵیى دادگەکە بە رێوڕەسمى دەستبەکاربوونى سەرۆکە نوێیەکەى هۆکارى دواخستنى دەبێت.
بەگوێرەى خشتەى دانیشتنەکانی ئەو دادگایە، دەبوو 6ى تەممووزى 2025 یەکەم دانیشتنى دادگاى باڵاى فیدڕاڵى بۆ تاوتوێکردنى ئەو دوو سکاڵایە بکرایە، بەڵام بەهۆى ئەوەى ئەو رۆژە پشوو بووە دواخراوە بۆ ئەمڕۆ دووشەممە 7ى تەممووز.
سکاڵایەکیان لەلایەن عومەر گوڵپى، کاندیدی دەرچووی پەرلەمانى کوردستان لە کۆمەڵى دادگەریى کوردستان تۆمار کراوە و تێیدا داواى بەپووچەڵ زانینى یەکەم کۆبوونەوەى پەرلەمانى کوردستانى کردووە، بەو پێیەى وەکو لە سکاڵاکەدا هاتووە، سەرۆکى کاتیى پەرلەمان بەگوێرەى پەیڕەوى نێوخۆ ئەرکەکەى بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان تەواو نەکردووە، 45 رۆژ لەدواى پەسندکردنى ئەنجامى هەڵبژاردن، کۆبوونەوەکە نەکراوە.
سکاڵاکەى دیکە لەلایەن سروە عەبدولواحید، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى نەوەى نوێ؛ کاوە عەبدولقادر، کوردەوان جەمال، ئەندامانى پەرلەمانى کوردستان لە هەمان فراکسیۆن پێشکێش کراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانی کوردستان.
سکاڵاکان لە دژى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و پەرلەمان تۆمار کراون، وەکو دوو لایەنى پەیوەندیدار بەو پرسە.
شەرمین بەهجەت خدر، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە رایگەیاندووە، "وەڵامنامەى پەرلەمان لەبارەى ئەو سکاڵایانەوە بۆ دادگەى باڵاى فیدراڵى نێردراوە و داوامان کردووە دانیشتنەکە دوابخرێت."
یەکەم کۆبوونەوەى پەرلەمانى کوردستان لە 2ى کانوونى یەکەمى 2024 کرا. بەگوێرەى بڕگەى 4ى مادەى 10ى یاسای سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، ئەگەر لە 45 رۆژ لە بانگهێشتکردنى بۆ کۆبوونەوەى خولى نوێى پەرلەمان، رێژەى یاسایى ئامادەبوونى کۆبوونەوەکە بەدی نەهات، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە.
20ی تشرینى یەکەمى 2024 هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەچوو، 30ى هەمان مانگ ئەنجامى کۆتایی ئەو هەڵبژاردنە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە راگەیێندرا.
|