دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران دەستپێدەكاتەوە
6 کاتژمێر پێش ئێستا
157 جار خوێنراوەتەوە
پێگەی ئەكسیۆسی ئەمریكی بڵاویكردەوە، هەفتەی داهاتو ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج کۆدەبێتەوە، بەمەبەستی دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان، بەڵام هێشتا كاتەكەی دیاری نەكراوە و بەرپرسانی عومان و قەتەر بەردەوامن لە نێوەندگیری نێوان هەردو ووڵات.
دو سەرچاوەی ئاگادار لە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن بە پێگەی ئەکسیۆسیان ڕاگەیاندوە، ستیڤ ویتکۆف بە نیازە هەفتەی داهاتو لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئۆسلۆ کۆببێتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان.
ئەو دوو سەرچاوەیە ئاماژەیان بەوەشكردوە، تا ئێستا كاتی کۆبونەوەکە یەکلایی نەکراوەتەوە و نە تاران و نە واشنتنیش بە فەرمی کۆبونەوەکەیان ڕانەگەیاندوە. بەرپرسانی عومان و قەتەر بەردەوامن لە نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمریکا.
بەگوێرەی ئاکسیۆس، ئەو دو سەرچاوەیە پشتڕاستیان کردوەتەوە كە ویتکۆف و عێراقچی لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێرانەوە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەبوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریکا نێوەندگیری ئاگربەستی نێوان هەردولا کرد.
هاوکات دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند ئێرانیەکان پیێان خۆشە پەیوەندییان لەگەڵماندا هەبێت و گفتوگۆ بکەین وتیشی پێم خۆشە ئێرانێکی جوان هەبێت و ئێستا ئەوان بریندارن چونکە بەهۆی شەڕەوە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.
|