رووسیا بووە یەکەم وڵات دان بە حکومەتی تاڵیباندا بنێت

8   کاتژمێر پێش ئێستا  255 جار خوێنراوەتەوە

حکومەتی ئەفغانستان رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، رووسیا بووە یەکەم وڵات کە بە فەرمی دان بە دەسەڵاتەکەیدا بنێت و بڕیارەکەشی بە "ئازایانە" وەسفکرد.
 
راگەیێندراوەکە دوای کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئەمیر خان موتەقی، وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان و دیمیتری ژیرنۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە ئەفغانستان هات.
 
موتەقی لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کۆبوونەوەکەدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، وتی: "ئەم بڕیارە ئازایانەیە دەبێتە نموونە بۆ ئەوانی دیکە، ئێستا کە پرۆسەی دانپێدانان دەستیپێکردووە، رووسیا لەپێش هەمووانەوە بوو."
 
زیا ئەحمەد تەکال، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان رایگەیاند: "رووسیا یەکەم وڵاتە کە بە فەرمی دانی بە ئیمارەتی ئیسلامیدا ناوە."
 
هاوکات زەمیر کابولۆڤ، نوێنەری تایبەتی مۆسکۆ بۆ کاروباری ئەفغانستان دەڵێت، حکومەتەکەی "دانی بە حکومەتی تاڵیباندا ناوە."
 
وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش هەواڵەکەی بۆ ئاژانسی هەواڵی تاس پشتڕاستکردەوە.
 
چەندین وڵاتی دیکە، لەنێویاندا چین و پاکستان، باڵیۆزی تاڵیبانیان لە پایتەختەکانیاندا هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی دانیان بە ئیمارەتی ئیسلامیدا نەناوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە