كۆمسیۆن دەست بە وردبینی ناوی كاندیدەكان دەكات

5   کاتژمێر پێش ئێستا  32 جار خوێنراوەتەوە

وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ڕایگەیاند، بەم نزیكانە دەست بە پشكنینی لیستی كاندیدەكان دەكەین بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، هاوكات ڕێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو كەسانە دەگیرێتەبەر، كە تێوەگلاون لە كڕینی كارتی دەنگدان.

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق سەبارەت بە دەستپێكردنی وادەی پێداچوونەوە و وردبینی كردنی بۆ ناوی لیست و كانیدەكان، ڕاگەیاند، قۆناغی پێشكەشكردنی ناوی لیستی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كۆتایی هات، بەم نزیكانە كۆمسیۆن پرۆسەی وردبینی دەستپێدەكات، ئەمەش پێویستی بە كاتە بەهۆی زۆری ژمارەی كاندیدەكان لە سەرتاسەری پارێزگاكانی عێراق.

ڕوونیشیكردەوە، وردبینی پێویستە بۆ دڵنیابوون لە دروستی داتاكان پێش ناردنی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ دڵنیابوون لە شایستەیی كاندیدەكان، ماوەی نوێكردنەوەی داتای دەنگدەران بەهەمان شێوە كۆتایی هاتووە.

سەبارەت بە كڕینی كارتی دەنگدان یان دەستكاریكردنی بەڵگەنامەكانی كۆمسیۆن جومانە غەلای جەختی لەوە كردەوە، كۆمسیۆن دۆسیەی تاوانكاری تۆمار دەكات دژی هەر كەسێك سەلمێندرا كە دەستی لە دۆسییەی كڕینی كارتی دەنگدەر یان دەستكاریكردنی بەڵگەنامەكانی كۆمسیۆن هەیە، هەروەها ڕێوشوێنی یاسایی پێویست بەرامبەر سەرپێچیكاران دەگیرێتەبەر.

بڕیارە ١١ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش كۆمسیۆن بەردەوامە لە ئامادەكارییەكانی بۆ سەرخستنی پرۆسەكە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە