چەندین باندی مەترسیداری بازرگانی بە مرۆڤ لە عێراق ئاشكرا بوون

2025-06-28  470 جار خوێنراوەتەوە

لە عیراق 75 باندی مەترسیداری بازرگانی کردن بە مرۆڤ و جەستە و منداڵەوە دەستگیر دەکرێن، وەزارەتی ناوخۆش رایدەگەیەنێت:" گەورەترینیان باندی دەستدرێژی سێکسیە کە 62 باند بوون".

عەباس بەهادلی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق، ئامارەکانی رووبەڕووبوونەوەی بازرگانی کردنی بە مرۆڤی لە عیراق راگەیاند، بەپێی ئامارەکە لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا توانیویانە:"62 باندی دەستدرێژی سێکسی و 9 باندی فرۆشتنی ئەندامانی جەستە هەڵبوەشێننەوە و تۆمەتبارەکانیش دەستگیر بکەن".

راشیگەیاند:" هەر لەو ماوەیەدا توانیویانە15 باندی دیکەی کاری زۆرەملێ و 4 باندی فرۆشتنی منداڵان و 6ی دیکە بۆ سواڵکردن دەستگیر بکەن، لەگەڵ دەستگیرکردنی 82 تۆمەتباری جادووکردن".

 پێشتریش چەندین باندی مەترسیداری بازرگانیكردن بە مرۆڤ لە عێراق ئاشكرا بوون، كە یەكێك لەو باندانە بە قاچاغ کچانی هەرزەكاری بۆ دەرەوەی عێراق دەگواستەوە.

بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بریتییە لە کڕین و فرۆشتنی مرۆڤ، بە تایبەت منداڵ و ئافرەت، بەمەبەستی بەکارھێنانیان بۆ چەند مەبەستێکی جیاواز، لەوانە کارپێکردنی بەزۆرەملێ، کردن بە کۆیلەی سێکسی، فرۆشتنی ئەندامانی جەستە.

بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە عێراق، سزای ئەوكەسانەی ئەو كارە دەكەن، زیندانیکردنی سەخت، هەروەها سزایەکی دیکەشی پێبژاردنە ،پێنج ملیۆن دینار بۆ 10 ملیۆن دیناریان بەسەردا جێبەجێ دەكرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە