عەلی خامنەیی: ئەمریکا هیچ دەستکەوتێکی لە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران نەبوو
4 کاتژمێر پێش ئێستا
226 جار خوێنراوەتەوە
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند: "پیرۆزبایی لە خەڵکی مەزنی ئێران دەکەم، بەبۆنەی سەرکەوتنمان بەسەر رژێمی زایۆنی."
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیامێکی لەدوای جەنگی وڵاتەکە لەگەڵ ئیسرائیل پێشکێش کرد و رایگەیاند: "ئەمریکا هیچ دەستکەوتێکی لە هێرشەکانی سەر بنکە ئەتۆمییەکان نەبوو."
عەلی خامنەیی وتیشی: "رژێمی زایۆنی لەژێر گورزە کاریگەرەکانی ئێمە وێران بوون، خۆیان بیریان لەوە نەکردبووەوە کە گورزێکی وایان بەردەکەوێت."
بە گوتەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران "دەبێت رژێمی زایۆنی ئەوە بزانێت، دەستدرێژییەکانیان بۆ سەر ئێران باجەکەی قورسە."
عەلی خامنەیی لە درێژەی پەیامەکەی سوپاسی گەلەکەی کرد لەبەرامبەر "یەکگرتووییان" بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل و پاڵپشتیکردنی هێزە سەربازییەکانی ئێران.
"گەلی ئێران پێشانیان دا کە لە کاتی پێویست هەموو بە یەک دەنگ دەدوێن." عەلی خامنەیی وای وت.
بەشێکی دیکە لە قسەکانی عەلی خامنەیی:
ئەمریکا ڕاستەوخۆ هاتە ناو شەڕەکەوە چونکە هەستی دەکرد ئەگەر نەچێتە ناو جەنگەکەوە ئیسرائیل بە تەواوی لەناو دەچێت، بەڵام لەم شەڕەدا هیچ قازانجێکی نەکرد.
کۆماری ئیسلامی سەرکەوت و لە بەرامبەردا زلەیەکی توندی لە ئەمەریکا دا.
سوپاس بۆ خوا، میللەتێکی نزیکەی 90 ملیۆن کەسی یەکگرتوو وەستابوون، بە یەک دەنگ، شان بە شان، شان بە شانی یەکتر، بێ ئەوەی هیچ جیاوازییەک لە داواکارییەکان هەبێت، لەو نیازانەی کە دەریدەبڕن، وەستان، دروشمیان دەوتەوە، قسەیان دەکرد، پشتگیرییان لە هەڵسوکەوتی هێزە چەکدارەکان کرد، لەمەودواش هەر بەو شێوەیە دەبێت.
|