مووچەخۆرانی هەرێم 35 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە

6   کاتژمێر پێش ئێستا  36 جار خوێنراوەتەوە

دۆسیەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و ئێرانەوە بە تەواوی لە لایەن میدیا و بەرپرسانەوە پشتگوێ خراوە و رۆژ دوای رۆژ ژیانی مووچەخۆرانیش سەخت و سەختر دەبێت.

زیاتر لەمانگێکی تەواو بەسەر دوایین مووچەی دابەشکراوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێپەڕبوو، عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرەکانی بەڵام هێشتا لە هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی پێنج دیار نیە چی بەسەر دێت.

هەموو هیواکان بە کۆبوونەوەی دادگای فیدڕاڵی عێراق بەستراونەتەوە بەڵام دادگاکە هێشتا کۆ نەبووەتەوە و هەر رۆژە و بەبیانوویەک کۆبوونەوەکە دوادەخات لە ئێستاشدا بە هۆی گرفتی ناوخۆیی خۆیان ژمارەیەک دادوەری دادگاکە دەستیان لەکار کێشاوەتەوە نازاندرێت کەی فەرمانسالاری مووچەی هەرێم دەردەکرێت.

ئەوەی جێگەی سەرنجە تەواوی راگەیاندن و لایەنە سیاسییەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە چاویان خستوەتە سەر جەنگی ئیسرائیل و ئێران هەموان کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمیی کوردستانیان بیر چووەتەوە، ئەوەندەی سەرقاڵی لێکدانەوەی سیاسی بێ ئەنجامن ئەوەندە باس لە کێشەکانی ناوخۆی هەرێم ناکەن.

هاوکات ئەوەی دۆخی مووچەخۆرانی هەرێمی سەختر کردووە ئەوەیە، هەرێم ئامادەنیە لەو داهاتانەی لەبەردەستیدایە مووچەی فەرمانبەرەکانی بدات، کە تەنیا ساڵی رابردوو ١٢ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە ئەوەش بەپێی زانیارییەک کە کەناڵی سی ئێن ئێن سەرەتای ئەم مانگە ئاشکرای کرد.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە