ترەمپ: رۆڵی ئەورووپا لە راگرتنی جەنگی ئێران و ئیسرائیل لاوەکییە
3 کاتژمێر پێش ئێستا
88 جار خوێنراوەتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە زنجیرەیەک لێدواندا دوایین هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی جەنگی ئێران و ئیسرائیلەوە راگەیاند و مۆڵەتێکی دیاریکراوی بۆ تاران دانا، هاوکات جەختیکردەوە کە رۆڵی ئەورووپا لە چارەسەرکردنی قەیرانەکەدا لاوەکییە.
سەرۆکی ئەمریکا بە روونی رایگەیاند، کە هێزە ئەوروپییەکان ناتوانن یارمەتیدەر بن و وتی: "ئێران نایەوێت قسە لەگەڵ ئەورووپا بکات. ئەوان دەیانەوێت قسە لەگەڵ ئێمە بکەن. ئەورووپا ناتوانێت لەمەدا یارمەتیدەر بێت." ترەمپ هۆکاری قەیرانەکەی گەڕاندەوە بۆ نزیکبوونەوەی ئێران لە چەکی ئەتۆمی و رایگەیاند: "ئێران چەند هەفتەیەک لە دەستخستنی چەکی ئەتۆمی دوور بوو."
لەبارەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران ترەمپ باسی لەوەکرد: "نیگەرانین گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانمان و [ئەگەر وابکەن] بە تووندی وەڵامیان دەدەینەوە."
ترەمپ ستایشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئیسرائیلی کرد و رایگەیاند، "ئیسرائیل لەڕووی سەربازییەوە کارێکی باش دەکات." هەر بۆیە گوتی: "قورسە داوا لە ئیسرائیل بکەم هێرشەکانی سەر ئێران رابگرێت."
سەبارەت بە هەڵوێستی خۆی، ترەمپ دۆخەکەی بە ئاڵۆز وەسفکرد و وتی: "ناتوانم هیچ بڕیارێک لەسەر ئێران بدەم ئێستا" و "هیچ رێگەیەکم لێدیار نییە ئەو شەڕکردنە رابگرم."
لەگەڵ ئەوەشدا، ترەمپ مۆڵەتێکی دیاریکراوی دانا و رایگەیاند: "تەنیا دەتوانم دوو هەفتە مۆڵەت بدەمە ئێران. دوو هەفتە کاتێکی باشە بۆ ئەوەی بزانین ئێرانییەکان بەهۆش خۆیان دێنەوە یان نا." ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێران ئەو لایەنەیە ئێستا لە کۆژاندایە و ئازار دەچێژێت."
سەرەڕای هەڵوێستە تووندەکەی، ترەمپ دەرگای بۆ ئاگربەست بە کراوەیی هێشتەوە و وتی: "ئەگەر بارودۆخ رێگەبدات، لەوانەیە پشتیوانیی لە ئاگربەست بکەم."
لێدوانەکانی ترەمپ لە کاتێکدایە کە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل چووەتە دووەم هەفتەیەوە.
لە جنێڤ، وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوە، بەڵام عێراقچی رایگەیاند، ئێران ئامادە نییە بۆ گفتوگۆی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا "تاوەکو دەستدرێژییەکە رادەگیرێت."
|