ئیسرائیل: ناوەندێکی توێژینەوەی ئەتۆمی ئێرانمان کردە ئامانج

5   کاتژمێر پێش ئێستا  23 جار خوێنراوەتەوە

سوپای ئیسرائیل، رایگەیاند لە دوایین هێرشی ئاسمانیاندا لە شەوی پێنجشەممە، ژمارەیەک دامەزراوەی سەربازیی و ناوەندێکی توێژینەوەی ئەتۆمیان لە شاری تارانی پایتەخت کردووەتە ئامانج.
 
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا، تایبەت بە وردەکاریی هێرشی رۆژی هەشتەم هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران رایگەیاند، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشیان لە تاران ئەنجامداوە، کە دەیان بنکە و دامەزراوەی سەربازیی ئێران و ناوەندێکی توێژینەوەی ئەتۆمییان کردووەتە ئامانج.
 
بە وتەی سوپای ئیسرائیل، زیاتر لە 60 فڕۆکەی جەنگی بەشدارییان لە هێرشەکاندا کردووە و 120 بۆمب و مووشەکیان هاویشتووە.
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئامانجەکان "چەندین ناوەندی پیشەسازیی بەرهەمهێنانی مووشەک"یان لە تاران لەخۆگرتووە، کە وەک "ناوەندی پیشەسازیی وەزارەتی بەرگریی ئێران" کاریان کردووە.
 
سوپای ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکانی شەوی رابردوو دەڵێت: "لە نێو ئامانجەکاندا، ناوەندە پیشەسازییە سەربازییەکانی بەرهەمهێنانی پێکهاتەکانی مووشەک و دامەزراوەکانی دروستکردنی کەرەستەی خاو هەبوون، کە بۆ داڕشتنی بزوێنەری مووشەک بەکاردەهێنرێن."
 
لەدرێژەی راگەیێندراوەکەیاندا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، لە هێرشەکانیاندا، ناوەندی سەرەکیی توێژینەوەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانیان کردووەتە ئامانج،
 
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، "ناوەندەکە بۆ توێژینەوە و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و چەک بۆ توانا سەربازییەکانی رژێمی ئێران کاردەکات. ئەم ناوەندە لە ساڵی 2011 لەلایەن موحسن فەخریزادە، دامەزرێنەری بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی ئێران، دامەزراوە."
 
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشداوە ناوەندێکی دیکە کە کراوەتە ئامانج بۆ دروستکردنی "پێکهاتەیەکی سەرەکی بۆ بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی ئێران" بەکارهاتووە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە