ژماره‌ی بریندار و كوژراوه‌كانی ئێران و ئیسرائیل زیاد ده‌كات

6   کاتژمێر پێش ئێستا  112 جار خوێنراوەتەوە

ژماره‌ی كوژراو و برینداره‌كانی ئێران به‌هۆی هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران به‌رزبووه‌ته‌وه‌ و وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش ئاشكرایكرد،" ته‌نیا له‌ سێ هێرشی ئیسرائیل-دا زیاتر له‌ 70 ژن و منداڵ كوژراون"، به‌گوێره‌ی زانیارییه‌ ته‌ندروستییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ش به‌ر له‌هێرشه‌كانی ئه‌مشه‌و 224 كوژراو و یەک هەزار و257 كه‌سیش برینداربوون.

هاوكات سه‌رچاوه‌ ته‌ندروستیه‌كانی ئیسرائیلیش ئاشكرایده‌كه‌ن، تائێستا 17 كه‌س كوژراون و 90 كه‌سیش بریندارن.

ئیسماعیل به‌قائیی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران لەتۆڕ‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس زانیاری له‌باره‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر وڵاته‌كه‌ی ئاشكراكرد و ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، كه‌ شوێنی نیشته‌جێبوون و مه‌ده‌نی كراونه‌ته‌ ئامانج به‌ وته‌ی ئه‌و :" ته‌نیا له‌ سێ هێرشی سوپای ئیسرائیلدا زیاتر له‌ 70 ژن و منداڵ كوژراون و هێشتا 10 منداڵ له‌كۆی ئه‌و 20 منداڵه‌ی له‌ژێر داروپه‌ردووی باڵه‌خانه‌یه‌كی گه‌ڕ‌ه‌كی چه‌مرانی تاران گیریان خواردبوو، ده‌رنه‌هێندراون".

 میدیای ره‌سمیی ئێران به‌ پشت به‌ستن به‌ داتای ته‌ندروستی وڵاته‌كه‌ی به‌ر له‌هێرشه‌كانی ئه‌مشه‌و  ژماره‌ی كوژراوه‌كان گه‌یشتووه‌ته‌ 224 كه‌س و یەک هەزار و 257 بریندار.

 به‌ره‌به‌یانیی هه‌ینی 13ی حوزه‌یرانی 2025 ئیسرائیل هێرشی كرده‌ سه‌ر چه‌ند بنكه‌ی ئه‌تۆمی و سه‌ربازی له‌ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی و زانای ئه‌تۆمی كوژران.

لایخۆیه‌وه‌ فریاگوزاری نیشتیمانی ئیسرائیل بڵاویكرده‌وه‌، له‌ئه‌نجامی بۆردومانی موشه‌كی ئێران پێنج كه‌س له‌ناوچه‌ جیاوازه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ كوژراون، هه‌روه‌ها 90 كه‌سیش برینداربون و چوار كه‌سی دیكه‌ش بێسه‌روشوێنن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكراوه‌، برینی 60 كه‌س له‌ برینداره‌كان سوكه‌، شه‌شیان برینه‌كه‌یان مام ناوه‌نده‌ و برینی یه‌كێكیشیان سه‌خته‌ كه‌ منداڵیكه‌ و تیمه‌كانیان به‌رده‌وامن له‌ گه‌ڕ‌ان و پشكین، هه‌روه‌ها به‌هۆی هێرشه‌كانی ئێرانه‌وه‌ تا ئێستا 17 كه‌س كوژراون.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە