حەماس تەرمی چوار ئیسرائیلی ڕادەستی خاچی سور دەکات
2025-02-20
99 جار خوێنراوەتەوە
بەرەبەیانی ئهمڕۆ پێنجشەممە بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی چوار تابوتیان لەسەر سەکۆیەک نمایشکرد، پێش ئەوەی تەرمی دەستگیرکراوان ڕادەستی خاچی سور بکەنەوە.
دوای ماوەیەکی کەم، پێنج ئۆتۆمبێلی سەر بە کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سور گەیشتنە شوێنەکە بۆ ڕادەستکردنی تەرمی دەستگیرکراوانی ئیسرائیلی لە غەززە، تەرمەکانیش لەناو چوار تابوتی ڕەشدا بهڕێكران.
پاشان ڕێکارەکان دەستیان پێکرد بۆ ڕادەستکردنی چوار تەرمەکە لە شوێنی ڕادەستکردنەوە لە "گۆڕستانی شەهیدان" لە ناوچەی بەنی سوهەیلە لە خان یونس، بە کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سور.
حەماس پێشتر ناوی ئەو چوار دەستبەسەرکراوە ئیسرائیلییەی ڕاگەیاندبو
بەپێی هەواڵی میدیاکانی حەماس و ئیسرائیل، ئەو چوار بارمتەیه پێكهاتون له دایک و دو منداڵی بنەماڵەی بیباس (شێری، ئاریێل و کفیر)ن، جگە لە دەستگیرکراوێكی دیكه بهناوی ئۆدێد لیفشیتز.
حەماس چەند مانگێک لەمەوبەر پشتڕاستی کردەوە کە دەستگیرکراوەکان لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا کوژراون، بەڵام بەرپرسانی سەربازی ئیسرائیل دەڵێن، تا دوای پشکنینی گشتگیر هۆکاری مردنەکەیان پشتڕاست ناکرێتەوە.
بڕیارە تەرمەکان بگوازرێنەوە بۆ سوپای ئیسرائیل، لەوێ حاخامخانەی سەربازی مەراسیمێکی ئایینی لە شوێنی گواستنەوەکە سازدەکات.
|