ڤینیسیۆس داوای مووچەکەی رۆناڵدۆ دەکات

3   کاتژمێر پێش ئێستا  44 جار خوێنراوەتەوە

سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، کەسە نزیکەکانی ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، رەتیانکردووەتەوە ئەو یاریزانە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی نزیک بێت.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، میدیاکان ئاشکرایانکردبوو، کە ڤینی نزیکە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید تاوەکو 2030، لە کاتێکدا گرێبەستی ئێستای ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەکە لە 2027 کۆتایی دێت.
 
ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردبوو پاش ماوەیەک لە دانوستاندنی چڕ، ڤینی و ریال مەدرید نزیککەوتوونەتەوە لە نوێکردنەوەی گرێبەستی نێوانیان. بەڵام بەرەی ڤینیسیۆس ئەو هەواڵانە رەتدەکەنەوە.
 
سەرچاوەکان لەزاری کەسە نزیکەکان لەو یاریزانە بەرازیلییەوە ئاشکرایانکردووە ئەو قسانە راست نین کە باس لە نزیکیی رێکەوتنی نێوان هەردوولا دەکەن، تەنانەت ماوەیەکی بەرچاویشە دانوستاندن لەنێوانیان راوەستاوە.
 
کەسە نزیکەکانی ڤینیسیۆس وتوویانە، پێشتر ئەو یاریزانە مەرجەکانی خۆی بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە، بەبەرپرسانی ریال مەدرید گوتووە، هەربۆیە لەسەر ئەو دەنگۆیانەی باس لە نوێکردنەوەی دەکەن بۆ 2030 ئارامە و هیچ پەلەی نییە.
 
بەپێی سەرچاوە نزیکەکان لە ڤینیسیۆس، ئەو یاریزانە گرێبەستی تاوەکو 2027 نوێکردووەتەوە، چونکە متمانەی بەیانەکە و گەشەکردنی خۆی لە یانەکە هەبووە، بەڵام ئەگەر داوای درێژکردنەوەی لێبکرێت، بەخاڵەکانی گرێبەستەکەیدا دەچێتەوە و مەرجی نوێی هەیە.
 
ئەو مەرجانەی ڤینی هەیەتی، وەک سەرچاوەکان دەڵێن، ڤینی درکی بەوە کردووە، لەگەڵ هەر ماوەیەکی گواستنەوەدا، ریال مەدرید خۆی رێکناخاتەوە و تیپەکە باش نابێت، هەربۆیە تای تەرازوو لە دانوستاندنەکان لەبەرژەوەندی ئەودایە.
 
ئەگەرچی پێشتر سەرچاوەکان وتبوویان یانەکانی سعودیە دەستەوارەی خەیاڵییان داوەتە ڤینیسیۆس، بەڵام ئەو یاریزانە لە دوایین لێدواندا دەڵێ، دەمەوێ زۆرترین کات لە ریال مەدرید بمێنمەوە و مێژووی لەگەڵدا دروست بکەم.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، ریال مەدرید مووچەیەکی ساڵانەی نوێی لە نێوان 15 تاوەکو 20 ملیۆن داوەتە ڤینیسیۆس بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، بەڵام ئەو یاریزانە ناڕازییە لە مووچەکەی، بەتایبەت کە کیلیان ئێمباپێ مووچەکەی لەو زیاترە، بەهۆی ئەو پاداشتە گەورەیەی وەک شیرینی گرێبەستکردن لەگەڵ ریال مەدرید وەریدەگرێت.
 
سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە، ڤینیسیۆس داوای گرێبەستێکی مێژوویی لە ریال مەدرید کردووە کە بەهۆیەوە ساڵانە 30 ملیۆن یۆرۆ وەربگرێت، بە مووچە، هاندان و شیرینیی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.
 
ئەوەی ڤینی داوایکردووە، هاوشێوەی ئەو مووچەیەیە کە پێشتر یانەی ریال مەدرید داویەتی بەکریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی یانەکە و گۆڵکەری مێژوویی.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە