پێدری دوای یاریی مایۆرکا لە ژووری جلگۆڕیندا شەڕی کردووە
4 کاتژمێر پێش ئێستا
17 جار خوێنراوەتەوە
سەرەڕای بردنەوەی بارسێلۆنا لە ریال مایۆرکا، پێدری قەیرانێک لە ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا دروست دەکات و شەڕ لەگەڵ دوو هاوڕێی دەکات بەهۆی ئەوەی پێیوابووە بەباشی یارییان نەکردووە.
بارسێلۆنا بەشێوەیەکی کاتی جیاوازی خۆی لەگەڵ دووەمی ریزبەندی گەیاندە 7 خاڵ، دوای ئەوەی لە دەستپێکی گەڕی 33ـی لالیگا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە مایۆرکای بردەوە.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئێل ناسیۆناڵی ئیسپانی، سەرەڕای بردنەوە گرنگەکە و دەستنیشانکردنی پێدری بە 'پیاوی یاری' ئەو یاریزانە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کەش و هەوای ژووری جلگۆڕینی تێکداوە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، پێدری ئەستێرەی ناوەڕاستی تیپەکە دوای یارییەکە لە ژووری جلگۆڕیندا شەڕی کردووە، و ئەوپەڕی تووڕەیی خۆی لە ئاستی دوو یاریزانی تیپەکە، لامین یامال و فیران تۆرێس نیشانداوە، بەهۆی ئەوەی بەقسەی خۆی ئەوان بە "بێباکییەکی زۆر" یارییان کردووە و بە بەفیڕۆدانی چەندین دەرفەتی ئاسان تیپەکەیان خستووتەوە مەترسییەوە، کە دەکرا بەئەنجامێکی گەورە کۆتایی بە یارییەکە بهێنن بەبێ ئەوەی تیپەکە بکەوێتە هەڵوێستێکی مەترسیدارەوە.
بەپێی سەرچاوە نزیکەکانی تیپەکە، پێدری دوای فیکەی کۆتایی زۆر تووڕە بووە و رەخنەی تووندی لە دوو یاریزانەکە گرتووە. پێیگوتوون ئەم بێباکییە قبوڵکراو نییە، چونکە دەکرێت لە یارییەکانی داهاتوودا باجێکی گەورە بدەین، بەتایبەتی کە یارییە چارەنووسسازەکان نزیکدەبنەوە، وەک یاریی کۆتایی جامی شا و یارییەکەی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئینتەرمیلان.
ئەستێرە ئیسپانییەکە تەنیا سەرزەنشتی هاوڕێکانی نەکردووە، بەڵکو هاواری بەسەردا کردوون و داوای لە هانزی فلیکی راهێنەر کردووە هەڵوێستێکی تووندی هەبێت بەرامبەر ئەم کارەیان، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە پاراستنی دیسپلین و گرنگیدان بە یاری تاکە رێگایە بۆ رزگارکردنی وەرزەکە و بردنەوەی جامەکان.
ئەو سەرچاوەیە باس لەوە دەکات کە هەرچەندە لامین یامال و فیران تۆرێس ئەو هەڵوێستەی پێدرییان بەدڵ نەبووە، بەڵام هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە و بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
|