هەواڵێکی خۆش گەیشتە ریال مەدرید
5 کاتژمێر پێش ئێستا
30 جار خوێنراوەتەوە
هەواڵێکی شێتانە و خۆش گەیشتە ریال مەدرید، بەر لەوەی یاریی کلاسیکۆ بەرامبەر بارسێلۆنا لە فیناڵی جامی شای ئیسپانیادا ئەنجام بدات.
ریال مەدرید دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە لەگەڕی 32ـی خولی ئیسپانیا بەئەنجامی 1-0 لە ئاتلێتیک بیلباوی بردەوە، هەواڵێکی خۆشی پێگەیشت.
ریال مەدرید لەدوایین خولەکدا لەڕێگەی فێدریکۆ ڤاڵڤێردیی ئۆرۆگواییەوە گۆڵێکی تۆمارکرد و سەرکەوتنێکی بەنرخی مسۆگەرکرد و جیاوازییەکەی لەگەڵ بارسێلۆنای پێشەنگی لالیگا بۆ چوار خاڵ کەمکردەوە.
ریال مەدرید یارییەکەی بەرامبەر بیلباوی بەبێ ئەستێرەی فەرەنسی کیلیان ئێمباپێ ئەنجامدا، کە لە قۆناخی پێشووی خولی ئیسپانیا بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێش بە کارتی سوور دەرکرابوو.
ئەستێرەی فەرەنسی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر ئارسیناڵ تووشی پێکان بوو لە پاژنەی پێیدا، ئەمەش وایکرد لە یارییەکەدا بەشداری نەکات.
رۆژنامەی مارکا پێشتر ئاشکرایکردبوو کە ئێمباپێ دوای یارییەکەی ئارسیناڵ تووشی سوڕانەوەی پاژنەی پێی بووە، هەروەها هەوڵەکانیش بۆ ئامادەکردنی بۆ یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر بارسێلۆنا بەردەوامن، کە شەممەی داهاتوو ئەنجام دەدرێت.
لەلایەکی دیکەوە ررۆژنامەی کۆپێ بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید هەواڵێکی خۆشی لەبارەی ئێمباپێ و توانای یاریکردنی لە کلاسیکۆ بەرامبەر بارسێلۆنا پێگەیشتووە.
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، ریال مەدرید رەزامەندی پزیشکی وەرگرتووە بۆ ئەوەی ئێمباپێ بۆ چەند خولەکێک بەشداری یارییەکەی چوارشەممەی لالیگا بەرامبەر خیتافی بکات بۆ ئەوەی بۆ ئیل کلاسیکۆ بەتەواوی ئامادە بێت.
کیلیان ئێمباپێ یەکێکە لە کاریگەرترین و باشترین یاریزانانی پێکهاتەی کارلۆ ئەنچێلۆتی، بۆیە یاریکردنی ئەو بەرامبەر بارسێلۆنا هێزێکی زیاتر بە ریال مەدرید دەدات و بەپێچەوانەوە یاری نەکردنی ئەو لە بەرژەوەندی یانەی بلاوگرانادا دەبێت.
|