ڤینیسیۆس و ریال مەدرید دوورن لە رێککەوتن
2 کاتژمێر پێش ئێستا
39 جار خوێنراوەتەوە
راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان هۆکاری پشتپەردەی درێژنەکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید لەلایەن ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی بەرازیلییەوە ئاشکرا دەکەن.
رادیۆی مارکا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ڤینیسیۆس لەگەڵ کارگێڕیی ریال مەدرید لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رێککەوتووە، بەڵام ئەستێرە بەرازیلییەکە بەهۆی هۆکاری تایبەت بەخۆی، نەیویستوە تاوەکو ئێستا واژۆی بکات و بڕیاریداوە بابەتەکە بۆ دوای مۆندیالی 2026 دوابخات.
ئەو سەرچاوەیە روونیکردەوە کە یاریزانەکە ئەم بڕیارەی داوە، چونکە ماوەی دوو ساڵە ئاستی دابەزیوە و هیوادارە مۆندیالێکی باش ئەنجام بدات بۆ ئەوەی نرخەکەی بەرزبکاتەوە و داوای بڕە پارەی زیاتر بکات؛ ئەمەش وەک کارێکی رەوا و ئاسایی سەیر دەکرێت، بەڵام شێواز و ناوەڕۆکەکە رەنگدانەوەی رەفتاری کەسێک نییە کە "تاوەکو مردن عاشقی ریال مەدرید بێت".
بەپێی ئەوەی راگەیاندکاری وەرزشی، رامۆن ئەلڤارێز لەڕێگەی پۆدکاستەکەی خۆیەوە بڵاویکردووەتەوە "ڤینیسیۆس جۆنیۆر هێشتا داوای مووچەیەک دەکات کە دەگاتە 30 ملیۆن یۆرۆی بێ باج بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، لەکاتێکدا پێشنیازەکەی ریال مەدرید لە 20 ملیۆن یۆرۆدا وەستاوە؛ ئەمەش بووەتە هۆی وەستانی دانوستاندنەکانی نێوان هەردوولا".
ڤینیسیۆس لە دوایین رووبەڕووبوونەوەی بەرامبەر ئیسپانیۆل دوو گۆڵی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد، بەوەش ئاهەنگی نازناوی لالیگای لە بارسێلۆنا دواخست، کە بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لەسەر یاریگای کامپ نو لە چوارچێوەی گەڕی 35ـی خولەکەدا میوانداری یاری کلاسیکۆ بکات.
بارسێلۆنا بە 88 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندیی خولی ئیسپانیادایە و بەجیاوازی 11 خاڵ لەپێش ریال مەدریدی پلەی دووەمە، و تەنیا یەکسانبوونێک بەسە بۆ ئەوەی تیپی کەتەلۆنی بەفەرمی ببێتە پاڵەوانی لالیگا.
|