یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بەرەو سعودیە بەڕێکەوت
2 کاتژمێر پێش ئێستا
95 جار خوێنراوەتەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ئەمساڵ لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەرەو سعودیە بەرێدەکەوێت.
کاروان ستوونی، وتەبێژی دەستەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، کاتژمێر 9:30 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە یەکەم کاروانی هاووڵاتیان بۆ حەج لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بەرەو عەرەبستانی سعودیە بەڕێکەوتن، کە ژمارەیان 147 کەسە.
ئەمساڵ 5,120 حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە فەریزەی حەج جێبەجێ دەکەن، بۆ گواستنەوە و خزمەتکردنیان 105 کۆمپانیا راسپێردراون، هەر کۆمپانیایەک بەرپرسیارێتیی 49 حاجی لە ئەستۆ دەگرێت.
وتەبێژی دەستەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کاتژمێر 11ی ئەمشەویش دووەم کاروان لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێر بە رێدەکەوێت کە بەهەمان شێوە ژمارەیان 147 کەسن. پرۆسەکەش تاوەکو 17ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
گەشتەکان لە رێگەی 33 فڕۆکەوە دەکرێن، زۆرینەی فڕۆکەکان 147 کەسیان تێدا دەبێت و بەشێکیشیان 245 کەس هەڵدەگرن.
بەگوێرەی خشتەی گەشتەکە، پێنجشەممە 7ـی ئایار، دوو گەشت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بۆ هاووڵاتیانی هەولێر دەکرێت. هەروەها 8ـی ئایار دوو گەشتی دیکە بۆ هاونیشتمانیانی هەولێر بۆ سعودیە دەکرێت.
دەستەی حەج و عومرە دەڵێت، 9ـی ئایار دوو گەشتی هاووڵاتیانی دهۆک لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بۆ سعودیە دەکرێت. هەروەها 10ـی ئایار یەک گەشتی هاونیشتمانیانی زاخۆ لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بۆ سعودیە دەکرێت.
لەبارەی هاووڵاتیانی سلێمانییەوە، لە خشتەکەدا هاتووە، 11ـی ئایار دوو گەشتی فڕۆکەیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی دەبێت بۆ سعودیە.
|