بارانە بەڕەحمەتەکەی ئەمساڵ گەورەترین مەترسی دروست دەکات..

1     کاتژمێر پێش ئێستا  133 جار خوێنراوەتەوە

ئاگادار نەبن، هەموو شتێک دەسوتێت و گەورەترین زیان بە هەرێمی کوردستان دەگات..

ئەمساڵ خودای گەورە دەرگای رەحمەتی بەڕوودا کردینەوە و بارانێکی زۆر باری و بەنداوەکان پڕ بوون و کانیاوەکان ژیانەوە، بەڵام ئەگەر ئاگادار نەبین، ئەو رەحمەتە فراوانەی خودا دەگۆڕێت بۆ کارەساتی گەورە کە زیانەکەی گەورە دەبێت.

بارانە زۆرەکەی ئەمساڵ سروشتێکی دڵگیر و لەوەڕگایەکی دەوڵەمەندی بۆ ئاژەڵەکان دروست کردووە، هەموو شوینێک بووە بە گژوگیا و سەوزایی، بەڵام لە وەرزی گەرما و هاویندا ئەو گژوگیا چڕ و بەرزانەی ئێستا دەیانبینین بە تەواوی وشک دەبن.

 ئەم گژوگیا وشکە لە زانستی بەرگری شارستانیدا بە سووتەمەنی سووک ناو دەبرێت، چونکە زۆر بە خێرایی گڕ دەگرێت و ئاگرەکە دەگوازێتەوە.

چڕی گژوگیاکە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەگەر لە شوێنێکەوە ئاگر بکەوێتەوە، بەهۆی ئەوەی گیاکان بەیەکەوە نووساون، ئاگرەکە بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر بڵاو ببێتەوە و رەشەبای هاوینیش ئەم مەترسییە دوو هێندە دەکات.

ئەمساڵ مەترسییەکە تەنها بۆ سەر شاخەکان نییە، بەڵکو بۆ کشتوکاڵیشە، چونکە گیا وشک بووەکان زۆرجار لەناو کێڵگەکانی گەنم و جۆدان، کە ئەمەش مەترسی سووتانی ڕەنجی جوتیاران زیاد دەکات.

هەروەها گیا وشک بووەکان وەک پردێک کار دەکەن بۆ گواستنەوەی ئاگر بۆ بنکەی دارەکان و دارستانە سروشتییەکان.

بۆ ئەوەی ئەو بارانە بە ڕەحمەتەی ئەمساڵ و ئەم سەوزاییە نەبێتە هۆی کارەسات، پێویستە پێش هەموو شتێک هاوڵاتیان ئاگاداربن لە کردنەوەی ئاگر و فڕێ نەدانی پاشماوەی جگەرە و پاشماوەی شووشە کە وەک هاوێنە کار دەکات و ئاگر دەکاتەوە و دڵنیابوونەوە لە کوژاندنەوەی ئاگری سەیران، چونکە ساڵانە بەشێکی زۆری ئاگرەکان بەهۆی کەمتەرخەمی هاوڵاتیانەوە روودەدەن و بەسێکیشی بە ئەنقسەتە..

هەروەها پێویستە جوتیاران و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دەوری کێڵگەکان و دارستانەکان زەوییەکە بکێڵن بۆ ئەوەی ڕێگری لە گواستنەوەی ئاگر بکەن.
بۆیە ئاگاداربە و با ئەو رەحمەتە گەورەی خودا بۆ ئێمە کارەساتی لێ نەکەوێتەوە و چێژی بارانە زۆرەکە و سروشتە سەوزە جوانەکەی ئەمساڵ نەگۆڕێت بۆ ئازارێکی گەورە..

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە