" عەجاج دانی بە تاوانی دەستدرێژی و برسیکردن داناوە"

2   کاتژمێر پێش ئێستا  75 جار خوێنراوەتەوە

ئەمڕۆ لە دادگای رەسافەی بەغدا، عەجاج "جەلادەکەی زیندانی نوگرەسەلمان" بە ئامادەبوونی دەیان شایەتحاڵی نێو زیندانەکە دادگەیی دەکرێت. وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، عەجاج دانی بە تاوانی دەستدرێژیکردنە سەر کچانی زیندانەکە و برسیکردنی زیندانیکراوەکان دا ناوە.
 
ئەرشەد حاکم، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە ڕووداوی راگەیاند، "لەڕێگەی دانیشتنەکانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبار عەجاج ئەحمەد حەردان، دانی بە چەندین تاواندا ناوە کە لە ماوەی کارکردنیدا لە نوگرەسەلمان ئەنجامی داون."
 
وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی وردەکاریی زیاتر دەخاتەڕوو و دەڵێت، "تۆمەتبار دانی ناوە بە لاقەکردنی کچی نێو دەستبەسەرکراوە کوردەکانی نێو نوگرەسەلمان و برسی کردنی زیندانیکراوان و رێگریکردن لە گەیشتنی خواردن پێیان."
 
ئەرشەد حاکم باسی لەوە کرد عەجاج دانی ناوە بە تاوانەکانی دەزگای هەواڵگری ئەوکاتی عێراق، لە هەڵمەتی لەنێوبردنی فەیلییەکان و ئەو کەسانەی کە حکومەتی بەعس بە لایەنگری ئێران (التبعیة) ناوی دەبردن. بەڵام گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دەڵێت، "تۆمەتبار هیچ پڕۆسەیەکی لەنێوبردن (التصفیە)ی راستەوخۆی لەکاتی کارکردنی لە دەزگای ئەمن دا ئەنجام نەداوە."
 
باسی لەوە کرد، جگە لە تاوانەکانی لە نوگرەسەلمان، "تۆمەتبار دانی بە ئەنجامدانی تاوانی دیکەدا نەناوە. بەوپێیەی 5 ساڵ خزمەتی سەربازی هەبووە؛ سێ ساڵی لە نوگرە سەلمان بەسەربردووە و دواتر خانەنشین کراوە."
 
ئەمڕۆ کە یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنیەتی، بڕیارە زیاتر لە 200 کەس وەک شایەتحاڵ بانگهێشت بکرێن بۆ ئەوەی لە دژی ئەو تاوانانە شایەتی بدەن کە عەجاج لەو گرتووخانە ترسناکەدا دژی کەسوکاریان ئەنجامی داون. عەجاج کە پێشتر بەرپرسی گرتووخانەی نوگرەسەلمان بووە، ئێستا دەبێت لەبەردەم یاسا و شایەتحاڵەکاندا وەڵامی ئەو مەلەفە خوێناوییانە بداتەوە کە ساڵانێکی زۆر ببووە مۆتەکەی ناو یادەوەریی ئەنفالکراوان.
 
عەجاج لە 31ی تەممووزی 2025، لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە دەستگیرکرا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە