رۆناڵدۆ رۆژانە چاودێریی دۆخی یاریزانانی نەسڕ دەکات
2 کاتژمێر پێش ئێستا
32 جار خوێنراوەتەوە
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی یانەی نەسڕ، وێڕای دوورکەوتنەوەی لە تیپەکە، بەڵام رۆژانە پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ هاوڕێکانی هەیە و رێنوێنییان دەکات.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەهۆی تووشبوونی بەپێکان لە ئەژنۆی و نەتوانینی بەشداریکردن لە یارییەکانی تیپەکەی، گەڕاوەتەوە مەدرید، بەڵام لە تیپەکەی دانەبڕاوە و رۆژانە لە رێگەی ڤیدیۆوە قسە لەگەڵ یاریزانانی یانەکە دەکات.
سەرچاوەکان دەڵێن، رۆناڵدۆ وێڕای دوورکەوتنەوەی لە یارییکردن، بەڵام سوورە لەسەر بینینی رۆڵی سەرکردە، هەربۆیەر رۆژانە ڤیدیۆکۆڵ لەگەڵ ژووری جلگۆڕینی یانەکەدا دەکات و بەردەوامە لە قسەکردنی لەگەڵیان.
بەپێی هەمان ئەو سەرچاوانە، رۆناڵدۆ لە رێگەی ئەو پەیوەندییە بەردەوامەوە، دەیەوێت هەموو دەنگۆکانی رۆیشتن و زیزبوونی لە یانەی نەسڕ بەدرۆ بخاتەوە و پێشانی هەمووانی بدات لەگەڵ یانەکە بەردەوامە.
وەک ئەو سەرچاوانە دووپاتیدەکەنەوە، یانەی نەسڕ لە قۆناخێکی هەستیاری خولی رۆشنی سعودیەیە و بە 67 خاڵ و بەجیاوازییەکی کەم، لە پێش هیلالی رکابەریەتی لە پێشەنگی خولەکە.
وەک سەرچاوەکان دەڵێن، رۆناڵدۆ هەستیکردووە تیپەکە ویستی بردنەوەی لاواز بووە، هەربۆیە بڕیاریداوە خۆی بێتە سەر هێڵ و لە هاندانی هاوڕێکانی بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی برسێتیی بردنەوەکان لەدەستنەدەن.
رۆناڵدۆ داوای لە هاوڕێکانی لە تیپەکە کردووە، لە ژاوەژاوی میدیاکان دووربکەونەوە، هەروەها خۆیان سەرقاڵی بابەتی لابەلا نەکەن و تەنیا بیریان لای بردنەوەی یارییەکان بێت.
بەشێکی دیکەی ئەو ڤیدیۆکۆڵانەی رۆناڵدۆ لەگەڵ ژووری جلگۆڕینی یانەی نەسڕدا ئەنجامیداون، گفتوگۆی درێژ بووە لەگەڵ جیسۆسی راهێنەری یانەکە، کە پێکەوە گفتوگۆیان کردووە لەبارەی دۆخی پێکانەکەی و چۆنیەتی یارییکردنی تیپەکە.
سەرچاوەکان پێشبینی دەکەن، رۆناڵدۆ لە کۆتایی مانگی سێدا لە پێکانەکەی چاکببێتەوە و توانای گەڕانەوە بۆ یارییکردنی هەبێت.
|