دوو هەواڵی خۆش گەیشتنە بارسێلۆنا

2   کاتژمێر پێش ئێستا  38 جار خوێنراوەتەوە

ئاسوودەییەکی گەورە روو لە بارسێلۆنا کردووە پێش رووبەڕووبوونەوەی سێڤییا، ئەویش بەگەڕانەوەی دووانە ئاگرینەکەی تیپەکە بۆ نێو پێکهاتەکە، کەکۆتایی بە نیگەرانییەکانی هانزی فلیک دەهێنێت پێش شەوی یەکلاکەرەوەی ئەورووپا بەرامبەر نیوکاسڵ!.
 
بارسێلۆنا پاڵنەرێکی مەعنەوی گرنگی پێگەیشت پێش رووبەڕووبوونەوە چارەنووسسازەکانی داهاتووی، دوای ئەوەی هەردوو یاریزان لامین یامال و ئێریک گارسیا بەشێوەیەکی ئاسایی گەڕانەوە بۆ مەشقەکان لە شارۆچکەی وەرزشیی خوان گامبەر، ئەمەش کۆتایی بەو مەترسییانە هێنا کە لە چەند رۆژی رابردوودا دەربارەی دۆخی جەستەییان دروست ببوو.
 
ئێریک گارسیای بەرگریکار پێشتر مەشقی تایبەتی ئەنجام دابوو دوای ئەوەی هەستی بە ماندووبوونێکی کەمی ماسوولکەیی کردبوو، ئەمەش وایکرد لە یاریی پێشوو بەرامبەر نیوکاسڵ یونایتد لە یاریگای سانت جەیمس پارک دووربکەوێتەوە. لە بەرامبەردا لامین یامال بەهۆی تێکچوونێکی کەمی باری تەندروستییەوە یەکێک لە مەشقەکانی لەدەستدابوو، پێش ئەوەی یانەکە چاکبوونەوەی تەواوەتی و گەڕانەوەی بۆ مەشقە ئاساییەکان پشتڕاست بکاتەوە.
 
بەمەش ئەم دووانەیە بەردەست دەبن بۆ هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانی، کە ئامادەکاری دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی گرنگ بەرامبەر سێڤییا لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە یاریگای کامپ نو. ئەم یارییە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک یارییە کە تیپە کەتەلۆنییەکە لەسەر خاکی خۆی ئەنجامیان دەدات.
 
بارسیلۆنا سێ یاری لەسەریەک لە یاریگای خۆی ئەنجام دەدات؛ لە ناوەڕاستی هەفتەدا بەرامبەر نیوکاسڵ لە چوارچێوەی چامپیۆنزلیگ یاری دەکات، پاشان لە خولدا رووبەڕووی رایۆ ڤایێکانۆ دەبێتەوە، پێش ئەوەی یارییە چاوەڕوانکراوەکەی بەرامبەر سێڤییا ئەنجام بدات.
 
بیرکردنەوەی یاریزانانی بارسێلۆنا بەشێوەیەکی گەورە لەسەر یاریی گەڕانەوەی ئەورووپایە بەرامبەر نیوکاسڵ، دوای ئەوەی یاریی چوون بە یەکسانبوون بەئەنجامی 1-1 لە یاریگای سانت جەیمس پارک کۆتاییهات؛ ئەنجامێک کە لە خولەکەکانی کۆتاییدا بەدەستهات کاتێک لامین یامال لێدانێکی سزای تۆمارکرد دوای هەوڵێکی تاکەکەسی نایابی دانی ئۆڵمۆ.
 
بەهۆی گوشاری زۆری یارییەکانەوە، چاوەڕوان دەکرێت هانزی فلیک چەند گۆڕانکارییەک لە پێکهاتەی سەرەکیدا بکات بەرامبەر سێڤییا، بەمەبەستی پشوودان بە هەندێک لە یاریزانە سەرەکییەکان و پێدانی دەرفەت بەو یاریزانانەی لەم دواییانەدا کەمتر بەشدارییان کردووە.
سەرەڕای ئەوەش بارسێلۆنا ناتوانێت سەرکێشی بە لەدەستدانی خاڵەکانەوە بکات، بەتایبەت لەگەڵ تووندبوونی کێبڕکێ لەسەر پێشەنگی خولەکە، چونکە تەنیا چوار خاڵ لە پێش ریال مەدریدی رکابەرییەتی. ئەمەش لەکاتێکدایە کە ریال مەدرید لە دۆخێکی دەروونی بەرزدایە دوای سەرکەوتنە گەورەکەی بەسەر مانچێستەر سیتی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
 
ئەگەرێکی زۆر هەیە لامین یامال پێگەی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکیدا بپارێزێت لەبەرئەوەی لە ئاستێکی نایابدایە، لەکاتێکدا لەوانەیە هەندێک لەو یاریزانانەی بەدەست ماندووبوونەوە دەناڵێنن وەک پێدری، رافینیا و مارک بێرناڵ پشوویان پێ بدرێت.
 
لە بەرامبەردا، ئەگەر هەیە فلیک دەرفەتی زیاتر بداتە هەندێک ناوی لاو بۆ ئەوەی خۆیان بسەلمێنن، وەک چاڤی ئیسپارت کە لەم دواییانەدا بەرامبەر نیوکاسڵ یەکەم دەرکەوتنی هەبوو و ئاستێکی بەرگری سەرنجڕاکێشی پێشکەش کرد، جگە لە مارک کاسادۆ و روونی بارداخچی کە هەوڵ دەدەن پێگەی خۆیان لە پێکهاتەکەدا لەم قۆناخە هەستیارەی وەرزەکەدا بەدەستبهێننەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە