یەکەم گرێبەستی بارسێلۆنا لە مێرکاتۆی هاوینەدا ئاشکرابوو
2025-05-29
104 جار خوێنراوەتەوە
راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان هەوڵەکانی بارسێلۆنا بەسەرۆکایەتی دیکۆ ئاشکرا دەکەن بۆ تەواوکردنی یەکەم گرێبەستی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوو، کە گرێبەستکردنە لەگەڵ مارکۆس راشفۆردی هێرشبەری ئینگلیزی و ئەمڕۆ لە هوتێلێکی شاری بارسێلۆنا دیکۆ و راشفۆرد کۆبوونەتەوە.
کارگێڕیی بلاوگرانا هەوڵدەدات لەماوەی گواستنەوەی داهاتوودا ریزەکانی تیپەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو بەهێزبکات و پێکهاتەی هانزی فلیک بەهێزتر بکات بۆ پارێزگاریکردن لەو دەستکەوتانەی وەرزی رابردوو یانەکە بەدەستیهێنان، کە بردنەوەی هەرسێ نازناوی ناوخۆیی بوو.
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، کارگێڕیی بارسیلۆنا یەکەم ئامانجی کردووەتە مارکۆس راشفۆردی یاریزانی ئینگلیزی و ئەستێرەی یانەی مانچێستەر یونایتدە، کە بەخواستن بۆ یانەی ئاستۆن ڤێلا یاری دەکات.
بەپێی میدیای کەتەلۆنی، ئەمڕۆ دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا، لە یەکێک لە هوتێلەکانی شاری بارسێلۆنا، لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی مارکۆس راشفۆرد کۆبووەتەوە و دەڵێن "هانزی فلیکی راهێنەر داوای هێنانی راشفۆرد دەکات".
رۆژنامەی سپۆرت روونیشیکردەوە، مارکوس راشفۆرد وەرزی خۆی لەگەڵ ئاستۆن ڤێلا بەئاستێکی ناوازە کۆتاییپێهێنا، چونکە یاریزانەکە لەدوای جێهێشتنی مانچێستەر یونایتد لە مانگی یەکدا توانای تەواوی خۆی بەدەستهێنایەوە، ئەمەش وایکرد یەکێک بێت لەو ناوانەی کە زۆرترین داوایان لێدەکرێت لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.
لەدرێژەی قسەکانیدا، سپۆرت دەڵێت "راشفۆرد زۆر حەزی لە یاریکردنە بۆ یانەی بارسیلۆنا، بەڵام پێدەچێت گرێبەستەکە ئاسان نەبێت، چونکە مانچێستەر یونایتد بەهای ئەو یاریزانەی بە 48 ملیۆن یۆرۆ دیاریکردووە، کە بڕە پارەیەکی گونجاوە، بەڵام مووچە بەرزەکەی وا دەکات ئەرکەکە بۆ بارسێلۆنا قورس بێت".
بەگوێرەی ئەم راپۆرتە، مانچستەر یونایتد دەورووبەری یاریزانەکەی ئاگادار کردووەتەوە کە ئەو لە پلانەکانی یانەکەدا نییە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان هەردوولا، کە ماوەی چەند مانگێکە روویداوە. هەروەها راشفۆرد یادگارییەکی باشی لەگەڵ روبێن ئامۆریمی راهێنەردا نییە، کە لە دوایین گواستنەوەی زستانەدا دەرگای بۆ رۆشتنی کردەوە.
یانە ئینگلیزییەکە هەوڵی فرۆشتنی هەمیشەیی دەدات بۆ ئەوەی کۆتایی بە پەیوەندییەکەیان بهێنێت و لە دانی مووچە زەبەلاحەکەی رزگاری بێت، کە ماوەی گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2028 درێژدەبێتەوە، هەموو لایەنەکان لەسەر پێویستی گەیشتن بەچارەسەری کۆتایی لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا کۆکن.
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، راشفۆرد ئاگاداری ئەوەیە کە دەبێت لەپێناو رۆیشتن مووچەکەی کەم بکاتەوە، بەڵام تەنیا لەکاتێکدا ئامادەیە ئەو کارە بکات کە گواستنەوەی بۆ بارسێلۆنا بێت.
|