ئارسیناڵ لە گواستنەوەی گۆڵکارێکی مەترسیدار نزیکبووەتەوە
2025-05-27
163 جار خوێنراوەتەوە
یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی، بەتەواوی لە یەکلاکردنەوەی گرێبەستێکی سەرنجڕاکێش نزیکبووەتەوە و گۆڵکارێکی ئەورووپا دەباتە ریزەکانی.
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، یانەی ئارسیناڵ لەگەڵ ڤیکتۆر یۆکێرێش، ئەستێرە و گۆڵکاری یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنە گەیشتووەتە رێککەوتن و تەنیا ماوە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ یانە پۆرتوگالییەکە بکرێت بۆ ئەوەی هێرشبەرە سوێدییەکە پەیوەندی بە یانەی ئارسیناڵەوە بکات.
ئارسیناڵ ماوەیەکی زۆرە هەوڵی گواستنەوەی ئەم یاریزانە دەدات و لە سەرەتای وەرزەوە بەردەوام لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە لە گفتوگۆدا بووە، بۆ ئەوەی یاریزانەکە ببەنە پرێمەرلیگ.
ڤیکتۆر یۆکێرێش، لەم وەرزەدا لە دیارترین ئەستێرە و گۆڵکارەکانی خولەکانی ئەورووپا بوو، یاریزانەکە لە 57 یاریی ئەم وەرزەدا 63 گۆڵی تۆمارکردووە و 17 ئاسیستی هەبوو، لە خولی پۆرتوگالدا یاریزانەکە 39 گۆڵی تۆمارکرد و بووە گۆڵکار، لە دوای ئەوەوە ڤانگێلیس پاڤلیدیس 19 گۆڵ و سامو ئۆمۆردیۆن 19 گۆڵی هەبوو و بە هەردووکیان 38 گۆڵیان تۆمارکرد، کە هێشتا ناکاتە گۆڵەکانی یۆکێرێش.
هەوڵەکانی یانەی ئارسیناڵ بۆ یەکلاکردنەوەی گرێبەستی هێرشبەرە سوێدییەکە لەکاتێکدایە، دوای بردنەوەی خولی پۆرتوگال، یۆکێرێش لەبارەی داهاتووی خۆیەوە گوتی "نازانم وەرزی داهاتوو لە کوێ دەبم."
ڤیکتۆر یۆکێرێش، تەمەنی 26 ساڵە، نرخی ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 75 ملیۆن یۆرۆ، ئەم وەرزە نازناوی خولی پۆرتوگال و جامی پۆرتوگالی لەگەڵ یانەکە بردەوە.
|