كۆمسیۆن مەرجەكانی كارمەندانی سەرسندوق ئاشكرا دەكات

18   کاتژمێر پێش ئێستا  572 جار خوێنراوەتەوە

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رێكار و مەرجەكانی بۆ ئەو كەسانە راگەیاند، كە دەیانەوێت لە رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا، وەك كارمەندی سەر سندوقەكانی دەنگدان كار بكەن.

جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، رایگەیاند: "فەرمانبەرانی حكومەت (جگە لە پۆلیس و سوپا)،  خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان و دەرچووانی زانكۆ دەتوانن ناوی خۆیان وەك كارمەندی سەر سندوقەكانی دەنگدان تۆمار بكەن".

وتەبێژی كۆمسیۆن ئەو مەرجانەشی ئاشكرا كرد، كە پێویستە لەو كەسانەدا هەبێت كە بۆ كاركردن وەك كارمەندی سەر سندوق ناوی خۆیان تۆمار دەكەن كە بریتین لە:

-مەرجە تەمەنیان لە نێوان 19ساڵ تا 55 ساڵدا بێت.
-لایەنی كەم دەرچووی ئامادەیی بێت.
-كارتی دەنگدانیان هەبێت.
-لە هەمان شار نیشتەجێ بن.
-یاسای چاكسازی نەی گرتبێتەوە.
-سزای تاوانی گەورەی لەسەر نەبێت.
-ئەندامی هێزەكانی پۆلیس یان سوپا نەبن.
-سەر بە هیچ حزبێك نەبن.
-كه‌سی نزیكی كاندیدی هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌بێت.

رونیشیکردەوە: "داواكار دەتوانێت لەرێگای ئینتەرنێتەوە لە ماڵپەڕی رەسمی داواكاريی پێشكەش بكات، لەگەڵ پێداویستییەكان".

پێشتریش جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، رایگەیاندبوو: "سێ شەممەی داهاتوو 3-6-2025، دەرگای خۆ تۆماركردن بۆ كارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان دەكرێتەوە و ئەو كەسانەی خوازیارن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا لەسەر سندووق بن دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بكەن".

ئەمەش لەكاتێكدایە رۆژی 9ی 4ی 2025 ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوەیەكی بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدا و رێكەوتی 11ی 11ی 2025، وەك وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دیاریكرد.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە